د.نەورۆز عوسمان: پێویست ناكات خەڵك بترسن لە تای خوێن بەربوون و هەنگاوەكانی خۆپاراستن بەسە



تایبەت " تەندروستی"


سەبارەت بەنەخۆشی( تای خوێن بەربوون )كە ئێستا بۆتە باسێكی گەرمی ناو هاوڵاتیان و لە ئێستاشدا لەچەند جێگایەكی عیراق تۆماركراوە تەنانەت لەپارێزگای هەولێریش بوونی یەك حاڵەت پشت ڕاست كراوەتەوە.

لەوبارەوە، د.نەورۆز عوسمان لێپرسراوی كۆنترۆڵكردنی نەخۆشییە گوازراوەكان لەبەڕێوبەرایەتی خۆپاراستنی سلێمانی، لەدیدارێكی تایبەتدا لەگەڵ سایتی "تەندروستی" تیشكی خستەسەر نیشانەو هۆكارەكانی نەخۆشییەكەو چۆنێتی خۆپاراستن و رێگری كردن لە توشبوون بەنەخۆشییەكە.

تەندروستی: تای خوێن بەربوون چیە؟ 
د.نەورۆز عوسمان: لەرێگەی جۆرە ڤایرۆسێكەوە دەگوازرێتەوە كەلە بنەڕەتدا تووشی ئاژەڵ دەبێت و دواتر دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، واتە نەخۆشیەكە ڤایرۆسیە و ئەگەر دووچاری مرۆڤ ببێتەوە هەندێك كات دەبێتە هۆی مردن.

تەندروستی: ئەوانەی تووشی تای خوێن بەربوون دەبن كێن؟
د.نەورۆز عوسمان: بەزۆری ئەوانەی ئاژەڵداری دەكەن یان قەساب و گۆشت فرۆشەكان، چونكە ڤایرۆسی ئەم نەخۆشیە لەڕێگەی جۆرە مێرویەكەوە دەگوازرێتەوە یان لەڕێی دەردراوەكانی لەشی ئاژەڵەكە وەكو لیك و خوێن دەگوازرێتەوە، ئەو پزیشك و كارمەندانەی لەكەرتی ڤێتەنەری كاردەكەن دەبێت زیاتر ئاگاداری خۆیان ببن.

تەندروستی: نیشانەكانی تای خوێن بەربوون چیە؟
د.نەورۆز عوسمان: ئەو كەسەی تووش بووە لەدوای 2 بۆ 9 ڕۆژ پاش ئەوەی ڤایرۆسەكە چۆتە لەشیەوە سەرەتا بەتا دەست پێدەكات دواتر ماسوللكەكانی ڕەق دەبن و پاشان ئازاری لەش وەكو پشت ئێشە و سەر ئێشە دروست دەبێت و دواتر ئەگەری هەیە تووشی سكچوون و ڕشانەوە ببێت، هەندێك جار پەڵەی سوور لەسەر لەشی دروست دەبێت و ڕەنگە دواتر ببێتە پەڵەی گەورە و شین و ئەگەری خوێن بەربوون هەیە لەناوپۆشی دەم و لووت یان ڕیخۆلەكان.

تەندروستی: چارەسەری تای خوێن بەربوون چیە؟
د.نەورۆز عوسمان: چارەسەری زۆر ئاسان نیە و تەنیا واباشترە یارمەتی نەخۆشەكە بدرێت زاڵ بێت بەسەر نەخۆشیەكە و شلەمەنی بدرێتێ تا لەشی ووشك نەبێتەوە و هەندێك دەرمانی بدرێتێ.

تەندروستی: شێوازەكانی خۆپاراستن لەتای خوێن بەربوون چیە؟
د.نەورۆز عوسمان: تەنها رێگەی خۆپاراستن ئەوەیە ئەو كەسانەی مەترسی تووشبوون بەو نەخۆشیەیان لێدەكرێت خۆیان بپارێزن و دەستكێش و جزمە بەكاربهێنن لەكاتی مامەڵەكردنیان لەگەڵ ئاژەڵ و بەروبومەكانی تادووچار نەبن، هەروەها سەربڕینی ئاژەڵ لەدەروەی قەسابخانەكان مەترسی هەیە و نابێت لێی نزیك بینەوە. 
ئەو پزیشك و كارمەندانەشی چارەسەر بۆ ئەو نەخۆشانە دەكەن، دەبێت بەووریاییەوە كار بكەن و ئەو شتانە بەكار بهێنن كە كەرەستەی خۆپاراستنن لەنەخۆشیيە درمەكانن و پێویست ناكات خەڵك زۆر بترسن وابزانن نەخۆشیيەكە وەكو بۆمب وایە و دەتەقێتەوە، نەخۆشيیەكە لەهەواوە ناگوازرێتەوە هەر بۆیە ئەو رێگایانە بگرنە بەر  كەباسمان كرد تاوەكو دووچاری نەبنەوە.

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی



ئه‌م بابه‌ته 2100 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:10:54:09/07/2018