د.ئاری عەبدولعەزیم: نەخۆشی سیل بۆماوەیی نیە و هەندێكجار بووە بەجۆرێك لەتانەی كۆمەڵایەتی



تایبەت " تەندروستی"



نەخۆشی سیل كە بە (دەردە باریكە) ناسراوە یەكێكە لەنەخۆشییە گواستراوەكان و چەندین جۆر و نیشانەی جیاوازی هەیە، لەشاری سلێمانیدا بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لەڕێی سەنتەری نەخۆشییەكانی سینگ و هەناسەوە، هەوڵی تەواوەتی خستۆتە كار بۆ هەرچی زوو دەستنیشانكردن و دۆزینەوەی ئەم نەخۆشییە لەناو تاكەكانی كۆمەڵگەدا ئەویش بەمەبەستی چارەسەركرن و بنەبڕكردنی و ڕێگریكردن لەبڵاوبونەوەی زیاتری نەخۆشییەكە.

لەسەر خودی نەخۆشییەكە و شێوازەكانی چارەسەركردن و ئەو خزمەتگوزارییانەی بۆ بۆ ئەو نەخۆشیە لەشاری سلێمانی دەكرێت ، لە دیمانەیەكی تایبەتدا سایتی " تەندروستی" لەگەڵ دكتۆر ئاری عەبدولعەزیم، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی سنگ و لەهەمان كاتدا بەڕێوبەری سەنتەری نەخۆشییەكانی سنگ لەسلێمانی زانیاری زیاتر دەخاتەڕوو.

تەندروستی: نەخۆشی سیل چی یە؟

د.ئاری عەبدولعەزیم: سیل نەخۆشییەكی درمی میكرۆبییە، بەهۆی جۆرێك لەمیكرۆبەوە كەپێی دەوترێت (Mycobacterium tuberculosis) دووچاری مرۆڤ دەبێت، ئەم میكرۆبە لەساڵی (1882) لەلایەن زانای بەناوبانگ (ڕۆبەرت كوخ) دۆزرایەوە وەك هۆكاری تووش بوون بەنەخۆشییەكە، ئەم میكرۆبە مێژوویەكی زۆر كۆنی لەگەڵ مرۆڤدا هەیە كەمێژووەكەی بەدەیان هەزار ساڵ دەخەمڵێنرێت، بەپێی لێكۆڵینەوەكانیش بێت دەركەوتووە هەندێك لە فیرعەونەكانی میسری كۆن بەهۆی نەخۆشی سیلەوە مردوون.

تەندروستی: جۆرەكانی نەخۆشییەكە چین و كامیان مەترسیدارترن؟

د.ئاری عەبدولعەزیم: نەخۆشی سیل دووچاری هەردوو ڕەگەزەكە دەبێت بەبێ جیاوازی و لەهەموو تەمەنە جیاجیاكاندا، بەشێوەیەكی گشتی نەخۆشی سیل دەكرێت بەدوو بەشەوە:

1- سیلی سییەكان: ئەم جۆرە تووشی سییەكان دەبێت و لەجۆرەكانی تر باوترە و گرنگترە، چونكە دەبێتە هۆی بڵاوبونەوەی نەخۆشییەكە لەناو كۆمەڵگەدا.
2- سیلی دەرەوەی سییەكان: وەك سیلی لیمفە گرێكان، سیلی ئێسقان، سیلی پەردەی مێشك، سیلی پەردەی ناوسك، سیلی كۆئەندامی میزو زاو و زێ، سیلی پێست و سیلی چاو ... هتد).

تەندروستی: نیشانە دیارەكانی نەخۆشییەكە چین؟

د. ئاری عەبدولعەزیم: نیشانەكانی بەپێی جۆری نەخۆشییەكە دەگۆڕێت بۆ نمونە لەجۆری سیلی سییەكاندا نیشانەكانی بەم جۆرە دەبن:-

1- كۆكە (بۆماوەی سێ هەفتە زیاتر).
2- بونی بەڵغەم (مەرج نییە خوێنی پێوە بێت).
3- ئازاری سنگ.
4- دابەزینی كێشی لەش .
5- بوونی (تا) و بەرزبونەوەی مام ناوەندی پلەی گەرمی لەش.
6- عارەق كردنەوە ( بەتایبەتی شەوانە).
7- كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن لەنەخۆشدا.

ئەم نیشانانە مەرج نییە هەموویان پێكەوەبن ، هەندێكجار یەك لەم نیشانانە یان چەند دانەیەك لەنیشانەكان هەیە ، بەڵام لەهەموویان گرنگتر بوونی كۆكەیە بۆماوەیی (3 هەفتە زیاتر)، زۆر گرنگە كەپزیشكان و كارمەندانی تەندروستی ئەم ڕاستییە بزانن هەر كەسێك بۆماوەی زیاتر لە (3 هەفتە) كۆكەی هەبێت پێویستە ئامۆژگاری بكرێت تاوەكو پشكنینی بەڵغەم بكات چونكە گومانی سیلی لێ دەكرێت.
نیشانەكانی جۆری سیلی دەرەوەی سییەكان بەم جۆرە دەبن:-

* نیشانەی ئەم جۆرەیان دەگۆڕێت بەپێی شوێنی سیلەكە بۆنمونە: سیلی لیمفەگرێكان ، لیمفەگرێكان دەئاوسێن و گەورە دەبن وەك لە بن باڵ و ملدا، بەڵام لەسیلی ئێسكدا، دەبێتە هۆی ئازار لەئێسكەكاندا، لە سیلی كۆئەندامی زاو و زێشدا كاریگەری دەكاتە سەر (ڕەحم و هێلكەدان و كەناڵی فالوپ) دەبێتە هۆی نەزۆكی ، لەسیلی پەردەی مێشكدا دەبێتە هۆی سەرئێشە و تێكچوونی بیر و هۆشی نەخۆشەكە...هتد.

تەندروستی: ڕێگاكانی گواستنەوەی نەخۆشییەكە چییە؟

د.ئاری عەبدولعەزیم: ئەویش بەپێی جۆری نەخۆشییەكە دەگۆڕێت و نەخۆشی سیلی دەرەوەی سییەكان لەكەسێكەوە بۆ كەسێكی تر ناگوێزرێتەوە، بەڵام سیلی سییەكان لەڕێی كۆكەوپژمین و هەواوە میكرۆبەكە دەگوێزرێتەوە بۆ كەسێكی تەندروست، بەداخەوە لەكۆمەڵگای ئێمەدا بەهۆی كەمی هۆشیاری تەندروستییەوە لەو حاڵەتانەی كە پێویستە مرۆڤ لەكاتی كۆكین و پژمیندا دەستەسڕ بەكاربهێنێت بەكاری ناهێنێت، چونكە بەكارهێنانی دەستەسڕو دەست گرتن بەدەمولوتەوە لەوحاڵەتانەدا ڕێگەدەگرێت لەبڵاوبونەوەی نەخۆشییەكە لەكەسێكی توش بوو بۆ كەسێكی ساغ و تەندروست، بۆیە پێویستە هەموو هاوڵاتیەك ڕەچاوی بكات لەكاتی كۆكین و پژمیندا لەشوێنی گشتی و قەرەباڵغدا بەمەش ڕێگا دەگرێت لەبڵاوبونەوەی نەخۆشی سیل و هەموو نەخۆشیەكانی تری كۆئەندامی هەناسە، ئەمە پێی دەوترێت (ئەتەكێتی كۆكە)، واتە سەرچاوەی بڵاوبونەوەی نەخۆشی سیل كەسی تووش بووە بەسیل، بۆیە پێویستە زۆر زوو ئەو نەخۆشانە دەستنیشان بكرێن و چارەسەر بكرێن.

د.ئاری عەبدولعەزیم: بۆ ڕێگەگرتن لەبڵاوبونەوەی نەخۆشییەكە بۆ كەسانی تر هەندێ هۆكاری تریش هەن بۆ زیاتر بڵاوبونەوەی ئەم نەخۆشییە وەك بوونی قەرەباڵغی و نەبوونی ڕووبەری نیشتەجێ بوونی تەواو بۆ خێزان بۆنمونە ژمارەیەكی زۆر لەئەندامانی خێزانێك لەچەند ژوورێكی كەمدا بژین، ئەو شوێنانەی كەئاڵوگۆڕی هەوای تێداكەمە و گرنگە شوێنە گشتییەكان و تەنانەت لەناوماڵیشدا بۆ هەمیشە هەواگۆڕكێ هەبێت و پەنجەرەكان كراوەبن بۆ ئاڵوگۆڕی هەوا.
یەكێكی تر لە هۆكارەكان، جگەرەكێشان و ئالودەبوونە لەسەر ماددە كهولی و هۆشبەرەكان هەروەها شوێنە تایبەتی و قەرەباڵغەكانیش هۆكارێكی ترن وەك بەندینخانەكان و كامپی ئاوارەكان و قوتابخانەو زانكۆكان و سەربازگەكان، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا دابەزینی بەرگری لەش بەهۆی بوونی نەخۆشی شەكرەو وەرگرتنی دەرمانی كیمیایی و دەرمانی درێژخایەنی ڕەبۆ و نەخۆشی ڕۆماتیزم ئەگەری تووش بوون بە نەخۆشی سیل زیاد دەكات.

تەندروستی: نەخۆشییەكە هیچ پەیوەندییەكی بەهۆكاری بۆماوەییەوە هەیە؟

د. ئاری عەبدولعەزیم: نەخۆشی سیل بەهیچ جۆرێك بۆماوەیی نیە، بەداخەوە ئەم بیروباوەڕە هەڵەیە و لەناو كۆمەڵگای ئێمەدا هێشتا ماوە لەسەر ئەم نەخۆشییە و هەندێك جاریش كێشەی كۆمەڵایەتی دروست كردووە، بۆنمونە كاتێك یەكێك لەئەندامانی خێزانێك تووشی نەخۆشی سیل دەبێت ئەوا دەبێت بەجۆرێك لە (تانەی كۆمەڵایەتی) بەسەریانە و دەبێتە هۆی نەنگی بۆ ئەو خێزانە.

تەندروستی:ئەو چارەسەرییانەی بۆ كەسی توشبوو دەكرێت چین؟

د. ئاری عەبدولعەزیم: لەگەڵ ئەوەی كە نەخۆشی سیل نەخۆشییەكی قورس و هەندێك جار گرانە، بەڵام خۆشبەختانە چارەسەری تەواوی هەیەو شایانی چاكبونەوەیە ئەگەر هاتوو زوو نەخۆشییەكە دەستنیشان بكرێت و چارەسەری بۆ بكرێت.
خۆشبەختانە دەرمانی نەخۆشییەكە لەسەنتەری سنگ و زۆر لە یەكەكانی سیل لەقەزاكاندا هەیە و بێبەرامبەر و بەكوالێتییەكی بەرز لەڕووی جۆرێتی دەرمانەكانەوە چارەسەری نەخۆش دەكرێت ئەویش بە هاوكاری لەگەڵ ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی، بەڵام گرنگ ئەوەیە كەسی توش بوو چارەسەرەكان بەتەواوی وەربگرێت ئەویش ماوەی (6- 9) مانگە و پێویستە نەخۆش دانەبڕێت لە چارەسەرەكەی تا كۆتایی و بەتەواوی چاكدەبێتەوە.

تەندروستی: ڕێژەی نەخۆشییەكە بەپێی ستانداری جیهانی چۆنە؟  لەسنووری پارێزگای سلێمانی لە چ ئاستێكدایە؟ 

د. ئاری عەبدولعەزیم: ڕێژەی ستاندارد بۆ تووش بوون بە نەخۆشی سیل بۆ هەر وڵاتێك جیاوازەو ئەمەش لەلایەن ڕێكخراوی تەندروستی جیهانییەوە دیاریكراوە بۆنمونە بۆ عیراق بۆ هەر (100) هەزار كەسێك (45) كەسە لەساڵێكدا، واتە لەساڵێكدا لەهەموو سەد هەزار كەسێك (45) كەس لەدانیشتوانی عیراق تووشی ئەم نەخۆشییە دەبێت.
لەپارێزگای سلێمانی كە دانیشتوانەكەی نزیكەی (2) ملیۆن كەسە، ساڵانە بە نزیكەیی (900) حاڵەتە لەگەڵ ئەمەشدا ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی دایناوە كە پێویستە (70%)ی ئەو حاڵەتانە لەلایەن دام و دەزگا تەندروستییەكانەوە بدۆزرێتەوە واتە بۆ شارێكی وەك سلێمانی پێویستە نزیكەی (630) حاڵەت لە ساڵێكدا لەلایەن دەزگا تەندروستییەكانەوە دەستنیشانبكرێت و چارەسەر بكرێت، ئەگەر بێت و كەمتر لەو ژمارەیە بدۆزینەوە واتە هێشتا بەرنامەی كۆنتڕۆڵی نەخۆشی سیل لەئاستی پێویستدا نیە.

لە ئێستادا لەعیراق و پارێزگای سلێمانیدا نزیكەی (40% - 45%)ی ئەو ژمارەیە دەدۆزێتەوە لە كەسانی توش بوو بەنەخۆشییەكە خۆی بەپێی ستانداردەكە پێویستە (70%) بێت، ساڵانە لەپارێزگای سلێمانی بەنزیكەی (300 -350) نەخۆشی سیل دەست نیشان دەكرێت لەگەڵیشیدا هەوڵەكان زیاد دەكرێت بۆ ئەوەی ئاستی دەستنیشانكردن بگاتە نزیكەی (600) نەخۆش لەساڵێكدا، واتە هەرساڵێك زیاتر نەخۆشی سیل  لەسلێمانیداهەبێت واتای ئەوە نییە ساڵ بەساڵ نەخۆشی سیل لەزیادبوندایە، بەڵكو واتای ئەوەیە دامودەزگا تەندروستییەكان و بەرنامەی كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشی سیل لەو پارێزگایەدا لەبەرەوپێشچوون و چالاك بوندایە، ئەمەش دیدگای ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیە بۆ نەخۆشییەكانی سیل لەناوكۆمەڵگاكاندا.

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی





ئه‌م بابه‌ته 4041 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:11:20:05/04/2018