شێوازی تەندروست بۆ چۆنیەتی دانیشتن لەسەر كورسی



تایبەت " تەندروستی"

بەپێی ووتەی پزیشكان 75%ی هۆكاری ئازار و هەستكردن بەهیلاكی و ئازار لەجومگەو ماسولكەكان دەگەرێتەوە بۆ شێوازی هەڵەی دانیشتن لەسەر كورسی و لەبەردەم كۆمپیوتەر، 25%ی دیكەش پەیوەندی هەیە بە نەبوونی هاوسەنگی لەنێوان كاركردن و پشوودان.

ژمارەیەك لێكۆڵەری زانكۆی كۆرنیل و سەنتەری كلیفلاند كلینك لەئەمریكا رێنمایی دەدەن چی بكرێت لەكاتی هەستكردن بەئازار بەهۆی دانیشتنی هەڵەوە و رێنوێنی دەدەن بۆ چۆنیەتی دانیشتن بەشێوەیەكی تەندروست لەكاتی كاركردندا ئەویش لەپێناو پارێزگاریكردن لەتەندروستی و دووركەوتنەوە لەوەی تووشی كێشەی تەندروستی بیت و هەندێك گۆڕانكاریی كەم لەچۆنیەتی دانیشتن دەبێتە هۆی دیارنەمانی ئازار.

1. ئازاری قاچ: هەوڵ مەدە لەكاتی دانیشتن قاچێك بخەیتە سەر ئەوی دیكەیان، ئەم شێوازە دەبێتە هۆی فشار دروستكردن لەسەر دەمارەكان و ناڕەحەتی و پێویستە كورسیەكە رێكبخرێت و قاچەكان بخرێنە سەر زەوی بەگۆشەی 90 پلە.




2. ئازاری پشت: دەبێت قوڵایی كورسی لەگەڵ درێژی قۆڵ هاوتا بێت و ئەگەر لەسەر كورسی گەورە دانیشتیت دەتوانیت پاڵپشتێك بەكاربهێنرێت بۆ دانیشتنی رێك و بەشێوەیەك پشت خوار نەبێتەوە.




3. ئازاری دەستەكان: كاتێك بۆ ماوەیەكی درێژ لەبەردەم كۆمپیوتەر كاردەكەیت هەست بەئازار و سڕبوونی دەستەكان دەكرێت و بۆ رزگاربوون لەو حاڵەتەش دەبێت قۆڵ و دەستەكان بەشێوەیەك دابنرێت بەگۆشەی 90 پلە بۆئەوەی بەئاسانی پشووبدەن.




4. ئازاری مل: لەپێناو دووركەوتنەوە لەئازاری مل و سەر لەكاتی دانیشتن لەسەر كورسی پێویستە شاشەی كۆمپیوتەر رێكبخرێتەوە و بەشێوەیەك بێت شاشەكە لەئاستی چاودا بێت و بەرێكی لەسەر كورسی دابنیشیت بۆئەوەی بارگرانی نەخرێتە سەر مل و چاوەكان.




5. ماندووبوونی چاوەكان: كاركردن بۆماوەیەكی درێژ لەسەر كۆمپیوتەر دەبێتە هۆی لێڵبوونی هەستی بینین و ووشكبوونەوە و سووربوونەوەی چاو و هەستكردن بەسەرئێشە، بۆیە دەبێت چاویلكەی تایبەت لەچاو بكرێت بۆ كەمكردنەوەی ماندووبوونی چاوەكان و ئاستی رووناكی شاشەی كۆمپیوتەر بەپێی رووناكی شوێنەكە رێك بخرێت هەروەها ماوەماوە راهێنان بەچاوبكرێت و بۆ ماوەی 20 چركە تەماشای پەنجەرە و ژوورەكە بكرێت.





ئا: كارزان عەبدوڵا
ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی




ئه‌م بابه‌ته 3560 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:09:54:28/09/2017