بەیان عبدالرحیم ئیبراهیم:سەنتەری راوێژكاری خێزانی تەنیا لەسلێمانی هەیە و لەشارەكانی دیكە نیە



تایبەت " تەندروستی"

ئەم سەنتەرە وەك یەكێك لە نوێترین سەنتەرەكان لەسنوری بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانیدا، لە رۆژی 12/2/2017 دا بەشێوەیەكی فەرمی بەڕووی شاری سلێمانیدا كراوەتەوە.

ڕۆژانە دەوام تێیدا بەردەوامە لەڕۆژی یەك شەممەوە تا ڕۆژی پێنج شەممە واتە پێنج ڕۆژ لە هەفتەیەكدا، ئیش و كارەكانی تایبەتە بەو كەسانەی كە لە دەستپێكی ژیانی هاوسەرگیریدان.



ئەم سەنتەرە لەسەرەتادا بەشێك بووە لەناو نەخۆشخانەی منداڵبوونی فێركاری فریاكەوتن لەشاری سلێمانی و بەهاوكاری لەگەڵ بەشی تەندروستی ڕێكخراوی یەكێتی ژنانی كوردستان كارەكانی بەڕێوەچووە، دواتر پەڕەی پێ دراوە بۆ ئەم سەنتەرەی ئێستا كە دەكەوێتە سەر شەقامی قەنات نزیك لیژنەی پشكنینی چاو، لەسەرەتای دامەزراندنی ئەم سەنتەرەوە 2 هەزارو دوو سەدو نەوەدو حەوت هاوسەر سەردانیان كردوە. 



بۆ تیشك خستنەسەر ئیش و كارەكانی وەها سەنتەرێك لە سنورەكەدا، سایتی " تەندروستی" لەگەڵ بەیان عبدالرحیم ئیبراهیم بەڕێوبەری كارگێڕی سەنتەرەكە دەدوێت.

تەندروستی: هاوسەرە نوێكان پێویستە سەرەتا چی بكەن؟

بەیان عبدلرحیم: كاتێك ئەو كچ  و كوڕانەی دەچنە ناو كەژاوەی هاوسەرگیرییەوە، پێویستە پێش وەخت بۆ سەلامەتی تەندروستی خۆیان پشكنینی خوێن ئەنجام بدەن، لەكاتی ئەو پشكنینەدا كارمەندی سەنتەری ڕاوێژكاری خێزانی لەتاقیگە ڕێنماییان پێ دەدات و ئاگاداریان دەكات كە پێویستە هەردوكیان سەردانی سەنتەرەكە بكەن.

تەندروستی: لەكاتی سەردانیان بۆ سەنتەرەكە چییان بۆ دەكرێت؟

بەیان عبدلرحیم: ئامانجی سەرەكی ئێمە لەم سەنتەرە بنبڕكردن یان كەمكردنەوەی ڕێژەی جیابوونەوەیە، بۆیە لێرەدا خولێكیان بۆ كردوونەتەوەكراوەتەوە لەڕووی تەندروستی و یاسایی و كۆمەڵایەتی یەوە وانەی پێش ژیانی هاوسەرییان پێ‌ دەوترێتەوە لەلایەن مامۆستاو كەسانی شارەزاوە، لەئێستادا رۆژانە زیاتر لە 20 بۆ 25 دەستگیران لە قەزاو ناحییەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی و گەرمیانەوە سەردان دەكەن و رۆژانی وانە وتنەوەكانیش بریتییە لەرۆژانی ( یەك شەممە، سێ شەممە، پێنج شەممە ).


تەندروستی:ئایا ئەم سەنتەرە تەنها لەشاری سلێمانی هەیە؟

بەیان عبدلرحیم: بەڵێ‌ تەنها لێرە هەیەو وەك سەنتەری ڕاوێژكاری خێزانی تاكە سەنتەری لەم شێوەیەیە كە هەبێت، لەئێستادا لە قەزاو ناحیەكانی سنوری پارێزگای سلێمانیدا لقی دیكەی نیە بۆیە زۆربەی بەشداربووان بۆ بەشداری كردنیان لەخولەكە لەناوچەكانی گەرمیان و سنوری پارێزگای سلێمانی سەردانی سەنتەرەكە دەكەن.

تەندروستی: ئایا هەموو كەسێك كەهاوسەرگیری دەكەن مەرجە بەشداری ئەم خولە بكەن؟

بەیان عبدالرحیم: ئەو هاوسەرانەی تەمەنیان لەخوار ساڵی ( 1990)یە ئیجباری نی یە بەشداری بكەن، چونكە تاڕادەیەك زانیاری ئەوتۆیان هەیە كە بۆ ژیانی هاوسەرگیری گونجاوبن، بەڵام لەسەرو ئەو تەمەنەوە مەرجە بەشداری خولەكە بكەن تاوەكو لەڕووی تەندروستی و كۆمەڵایەتی و یاسایی یەوە زانیاری تەواویان پێ‌ بدرێت.




تەندروستی: ئەو بابەتانەی دەوترێنەوە لەسەنتەرەكەدا چین؟

بەیان عبدالرحیم: لەڕووی تەندروستییەوە، لە یەكەم ڕۆژی ژیانیان تا دروستكردنی منداڵ و دوای منداڵ بوونیش دەوترێتەوە، هەروەها لەڕووی كۆمەڵایەتیشەوە چۆنێتی هەڵسوكەوتكردنی ژن وپیاو لەگەڵ یەكتر و پتەوكردنی پەیوەندییەكانی هەردوولاو چارەسەركردنی ئەو كێشانەی لەقۆناغە جیاوازەكاندا كە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، پاشانیش لەڕووی یاسایی یەوە باس لەحاڵەتەكانی جیابوونەوەو ئەو ماف و ئیمتیازاتانەی كە لەڕووی یاساییەوە لەنێوان هەردوولادا بوونی هەیە بۆیان ڕووندەكرێتەوە.





تەندروستی: هەڵویسَتی ئەو هاوسەرانەی دێنە سەنتەرەكە چی یە؟

بەیان عبدالرحیم: خۆشبەختانە سەرجەم ئەو بەشداربووانەی لەسەرەتای دامەزراندنی سەنتەرەكەوە بەشداریان كردووە، لەكاتی سەردنكردنیان لەگەڵ مامۆستایانی وانەبێژ دوواون و ڕازی بوون لەئاست ئەو وانانەی خوێندویانە، بەپێ‌ ئاستی ڕازی بوونی بەشداربووان بێت لەناو سەنتەرەكەدا نزیكەی %75 ئەو كەسانەی بەشداربوون بەباشیان زانیوە كە سەنتەرێكی لەوشێوە بوونی هەبێت.

بەیان عبدالرحیم ابراهیم لەساڵی 1970 لە شاری سلێمانی لەدایك بووە، قۆناغەكانی خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی هەر لەو شارە تەواوكردووە، هەڵگری بروانامەی دبلۆمی پەیمانگای تەكنیكی سلێمانی یە، لەئێستادا بەرێوبەری كارگێری سەنتەری ڕاوێژكاری خێزانی یە.

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی




ئه‌م بابه‌ته 3956 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:12:43:20/08/2017