د.ڕووناك سەعید: بەڵەكی نەخۆشییەكی مەترسیدارنیە و بەدەست لێدان ناگواسترێتەوە



تایبەت " تەندروستی"


بەڵەكی یەكێكە لەنەخۆشییەكان كەتووشی پێست دەبێت، وەك پزیشكانی پسپۆڕی بوارەكە ئاماژەی بۆدەكەن تائێستا هۆكاری دیاریكراو و ڕاستەوخۆی بەڵەكی نەزانراوە، بەڵام دەكرێت بەهۆی لەناوچوونی خانە ڕەنگیینەكانی پێستەوەبێت.

بۆ ئەو مەبەستە سایتی " تەندروستی" دیدارێكی تایبەتی لەگەڵ دكتۆر د.ڕووناك سەعید پسپۆڕی نەخۆشییەكانی پێست ئەنجامداوە بۆ تیشك خستنەسەر نەخۆشییەكە وهۆكار و دەرئەنجامەكانی لەسەر نەخۆش و ڕێگاكانی وەرگرتنی چارەسەر.

تەندروستی: بەڵەكی چییە؟

د.ڕووناك سەعید: بەڵەكی نەخۆشییەكی پێستە كە تیایدا پێست لەچەند شوێنێكی جیاوازی جەستەدا ڕەنگی سروشتی خۆی لەدەست دەدات، ئەو شوێنە سەرەتا بەڕەنگی كاڵ دواتر دەگۆڕێت بەڕەنگی سپی و تەواو جیاواز لەڕەنگی پێستی دەوروبەر دەردەكەوێت.

تەندروستی:نەخۆشی بەڵەكی لەچییەوە دروست دەبێت؟

د.ڕووناك سەعید: تائێستا هۆكاری ڕاستەوخۆی  ئەم نەخۆشییە نەزانراوە، تەنها كۆمەڵێك بۆچوون هەن كە هەموویان  باس لەوەدەكەن كە بەڵەكی لەئەنجامی لەناوچوونی خانەی دروستكەری ڕەنگی پێستەوە دەبێت كە بەبۆیەی پێست (میلانین ) ناسراون و لەناوپێستی مرۆڤدا هەن و بەپێی كەم و زۆری دروستكردنی ئەم ڕەنگەوە مرۆڤ ڕەنگی پێستی دیاری دەكرێت.

تەندروستی:هۆكارەكانی لەناوچوونی خانە ڕەنگیینەكانی پێست چییە؟

د.ڕووناك سەعید: ئەو خانانە لەبەر چەند هۆكارێك لەناودەچن ئەوانیش بریتین لە:-
1. هۆكاری بۆماوەیی: بۆماوەیی كاریگەری هەیە لەسەر نەخۆشی بەڵەكی، بەڵام ئەم كاریگەرییەكە ئاڵۆزەو ڕوون نیە بەشێوەیەك ئەگەر لەخێزانێكدا ئەم نەخۆشییە هەبێت ئەوا ڕێژەی توشبوونی برایەك یان خوشكێكی نەخۆشەكە بەنزیكەی(6,5%)ە ، ئەگەر دوانەیەكی لەیەكچوو تووشی بەڵەكی ببن ئەوا ڕێژەی توشبوونی ئەوی تر(23%) دەبێت.
2. هۆكاری دەرەكی: هەندێك جار بەڵەكی دروست دەبێت لەئەنجامی بەركەوتن بەوپێكهاتانەی ماددەی فیتۆڵی تێدایە وەك لاستیك و ئەو بابەتانەی تر، ئەم نەخۆشییە ڕێژەكەی لەجیهاندا (1-5%)، بەڵام لەكوردستان ڕێژەیەكی ڕاست و دروستمان نییەو زۆرترین ڕێژەش لەنێوان تەمەنی (10-30) ساڵیدایە، هەردوو ڕەگەز وەك یەك تووش دەبن، بەڵام ئافرەتان زۆرتر بەدوای  چارەسەردا دەگەڕێن  وەك لەپیاوان ئەمەش وایكردووە وابزانرێت ڕێژەكە لەئافرەتدا زۆرترە، بەڵام لەڕاستیدا یەكسانن.

تەندروستی: ئایا ئەم نەخۆشییە هیچ نیشانەیەكی پێشوەختەی هەیە؟

د.ڕووناك سەعید: بەشێوەیەكی گشتی بەڵەكی هیچ نیشانەیەكی پێشوەختەی نییە، بەڵكو تەنها نیشانەی ئەوەیە كە پەیوەندی بەڕەنگی پێستەكەوە هەیە ئەویش گۆڕان و تێكچوونی ڕەنگەكەیەتی، كەلەدەسپێكدا بەڕەنگی كاڵ  لەسەر پێستەكە دەردەكەوێت دواتر دەگۆڕێت بەسپی تەواو.

تەندروستی: نەخۆشییەكە چ كاریگەرییەكی هەیە لەسەر كەسی توشبوو؟

د.ڕووناك سەعید: نەخۆشی بەڵەكی كاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر كەسەكە لەڕووی كۆمەڵایەتی و دەروونی یەوە ئەویش بەهۆی هەستكردن بە شەرمەزاری و ناشیرین بینینی ئەو كەسە لەڕوانگەی خۆیی و دەوروبەرەكەیەوە.
لەبنەڕەتدا نەخۆشییەكی مەترسیدار نیە، بەڵام هەندێك جار پەیوەندی ناڕاستەوخۆی هەیە لەگەڵ بوونی نەخۆشییەكانی تری وەك ( دەردە ڕێوی ، شەكرە، غودەی دەرەقی).

تەندروستی: ئایا ئەم نەخۆشییە دەگواسترێتەوە لەكەسی توشبووەوە بۆ كەسێكی تر؟

د.ڕووناك سەعید: بەهیچ شێوەیەك نەخۆشییەكە بە دەست لێدان یاخود بەركەوتنی پێستی كەسی توشبوو بەكەسانی دەوروبەر ناگواسترێتەوە، هەروەها بەهیچ شێوەیەك پەیوەندی بەخوێنەوە نیە وەك زۆرجار نەخۆش دەپرسێت ئایا بەڵەكی لەخوێندا هەیە نەخێر بەڵەكی لەخوێندا نیە.

تەندروستی:چارەسەركردنەكانی بەڵەكی چین؟

د.ڕووناك سەعید: چارەسەرەكانی بەڵەكی لەكەسێكەوە بۆ كەسێكی تر دەگۆڕێت ئەویش بەگوێرەی تەمەن و ڕێژەی توشبوونی لەشی نەخۆشەكە، بەڵام بەداخەوە لەناو كۆمەڵگادا چەندەها جۆر چارەسەری خۆماڵی یاخود سروشتی بەكاردەهێنرێت بۆ شاردنەوەی ئەم ڕەنگە لەوانەش وەك بەكارهێنانی خەنە بۆ ڕەنگكردنی پێستە سپییەكە، ئەمە بەزۆری لەكۆمەڵگای عەرەبیدا باوە یان سوتاندنی شوێنی توشبوونەكە یاخود بەكارهێنانی دەرمانی گیایی كەبەداخەوە زۆربەیان ماددەی كورتیزونیان تێدایە و دەبنەهۆی دروستكردنی كاریگەری لاوەكی. بەڵام چارەسەرە پزیشكییەكان بەشێوەیەكی گشتی بریتین لە:
1- چارەسەری بابەتی، چەند جۆرێك كرێم و گیراوە و قەترەی تایبەت هەیە بەم نەخۆشییە.
2- چارەسەركردن بەتیشك، ئەمەش دوو جۆری هەیە لەلای ئێمە یەكێكیان بریتیە لەتیشكی سەروو وەنەوشەیی ، ئەوی تریش بریتی یە لە تیشكی (PVVA )ە كەلەسەنتەری پێست هەیە.
3- بەكارهێنانی جۆرێكی تایبەت لە (laser)، كەپێی دەوترێت (EXcimer).
4- جۆرێك لەنەشتەرگەری تایبەت بەبەڵەكی كەلای ئێمە و لەكوردستان تا ئێستا بوونی نییەو ئەنجام نەدراوە.

دكتۆر ڕووناك سەعید ئەحمەد لەدایكبووی ساڵی (1976)ە، لەساڵانی (1999-2000) كۆلیژی پزیشكی زانكۆی سلێمانی تەواوكردوەو ساڵانی ( 2007-2008) بڕوانامەی ماجستێری لەنەخۆشییەكانی پێست لەزانكۆی هەولێری پزیشكی بەدەستهێناوە، لە ئێستادا پزیشكی  پسپۆڕی نەخۆشییەكانی پێستە لەسەنتەری چارەسەركردنی نەخۆشییەكانی پێست لەشاری سلێمانی.

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی




ئه‌م بابه‌ته 2525 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:10:50:31/07/2017