تەمەنی نائومێدی پیاوان راستی یاخود خەیاڵ



" تەندروستی"


هەندێكجار گۆڕانكاریی هۆرمۆنەكان كە پەیوەندی بە بەساڵاچوونی پیاوانەوە هەیە بە تەمەنی نائومێدی ناودەبرێت كەئەوەش جیاوازە لەتەمەنی نائومێدی ژنان.

گۆڕانكاریی هۆرمۆنەكان بەشێكی سروشتییە لە بەساڵاچوون و زیادبوونی تەمەن و لەو كاتەدا گۆڕانكاریی لەهۆرمۆنەكانی پیاوانیشدا روودەدات.


تەمەنی نائومێدی پیاوان چیە؟

ئەم زاراوەیە بەكاردەهێنرێت بۆ وەسفكردنی كەمبوونەوەی رێژەی هۆرمۆنی تیستوستیرۆن یاخود گۆڕانكارییەكانی پەیوەست بە ساڵاچوون و پیربوون، تەمەنی نائومێدی ژنان و پیاوان تەواو جیاوازن، ئەو حاڵەتە لای ژنان بریتیە لەكۆتایی هاتنی دروستبوونی هێلكە و منداڵ خستنەوە و كەمبوونەوەی هۆرمۆنەكان بۆ ماوەیەكی كورت، لەكاتێكدا ئەو حاڵەتە لای پیاوان بریتیە لە كەمبوونەوەی هۆرمۆنی تیستوستیرۆن بۆ ماوەی چەند ساڵێك.


كاریگەریی كەمبوونەوەی هۆرمۆنی تیستوستیرۆن:

1. گۆڕانكاریی سێكسی: هەندێك پیاو رێژەی ئەو هۆرمۆنە لەجەستەیان كەمترە لەرێژەی ئاسایی بەبێ دەركەوتنی هیچ نیشانەیەك، كەمبوونەوەی هۆرمۆنی تیستوستیرۆن دەبێتە هۆی گۆڕانكاریی لەئەركی سێكسی و كەمبوونەوەی ئارەزووی سێكسكردن.

2. گۆڕانكاریی لەشێوازی خەوتن: كەمبوونەوەی رێژەی هۆرمۆنی تیستوستیرۆن دەبێتە هۆی تێكدانی شێوازی خەوتن و دروستبوونی كەمخەوی و خەواڵویی.

3. گۆڕانكاریی جەستە: گۆڕانكاریی ئەو هۆرمۆنە دەبێتە هۆی زیادبوونی چەوری لەش و دابەزینی ماسولكەكان و هێز و توانا و چڕی ئێسك و ئەگەری تووشبوون بە وەرەم و ئازای سنگ و هەڵوەڕینی قژ.

4. گۆڕانكاریی سۆزداری: گۆڕانكاریی هۆرمۆنی تیستوستیرۆن دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی هاندان و متمانە بەخۆكردن و هەستكردن بە خەفەت و خەمۆكی یاخود دروستبوونی كێشە لەبیرەوەریی و سەرنجدان.


چارەسەری كەمبوونەوەی هۆرمۆنی تیستوستیرۆن:

* سەردانكردنی پزیشك و ئاگاداركردنەوەی لەو كێشانەی رووبەڕووی دەبیتەوە بەتایبەت كێشەكانی پەیوەست بە بواری سێكس.

* دیاریكردنی شێوازی گونجاوی ژیان و گرتنەبەری سیستمی خۆراكی تەندروست و ئەنجامدانی راهێنانی وەرزشی رۆژانە لەپێناو پاراستنی هێز و توانای ماسولكەكان و باشتركردنی باری دەروونی و بەدەستهێنانی خەوتنێكی باش.

* لەكاتی هەستكردن بە نائومێدی داوای یارمەتی بكە، خەمۆكی لای پیاوان دەبێتە هۆی ئەوەی هەستەكانیان نەخەنەڕوو و ئەوەش وادەكات زیاتر تووڕەبن و هەندێك لەپیاوان پەنادەبەنە بەر خواردنەوە كهولیەكان و ماددەی هۆشبەر.

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی



ئه‌م بابه‌ته 2094 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:10:13:27/07/2017