قەتیسبوونی ئاو لەناو گوێچكە چیە ؟



" تەندروستی"


قەتیسبوونی ئاو لەناو گوێچكە حاڵەتێكی باوە و مرۆڤ بەهۆی مەلەكردن یاخود خۆشتنەوە هەست بەوەدەكات ئاو لەناو گوێچكەیدا ماوەتەوە، چونكە لەدوای مەلەكردن و خۆشتن زۆرینەی ئاوی ناو گوێچكە بەشێوەیەكی سروشتی ووشك دەبێتەوە، بەڵام هەندێك لەو ئاوە لەناو گوێچكە دەمێنێتەوە كە دەبێتە هۆی هەوكردن و دروستبوونی كێشەی تەندروستی ئەگەر چارەسەرنەكرێت.


- رێگاكانی رزگاربوون لەقەتیسبوونی ئاو لەناو گوێچكە: 

1. راكێشان و جوڵاندنی گوێچكە لەگەڵ خواركردنەوەی سەر بەرەو یەكێك لەشانەكان و راوەشانی سەر بۆ ئەملاولا.
2. فشار خستنەسەر گوێچكە لەرێگەی خواركردنەوەی سەر بەرەو لایەك و دواتر كاركردن بۆ فشار خستنەسەر گوێچەكە بەدەست چەند جارێك لەپێناو راكێشانی ئەو ئاوەی تێیدایە.
3. پاڵكەوتن لەسەر ئەو لایەی هەست دەكەیت ئاو لەناو گوێچكەدا قەتیس بووە.
4. بەكارهێنانی ئامێری وشككەرەوەی قژ و دەبێت مەودایەكی گونجاو لەنێوان ئامێرەكە و گوێچكە دابنرێت و نزمترین پلەی گەرمی ئامێرەكە بەكاربهێنرێت.
5. دووركەوتنەوە لەبەكارهێنانی هەر جۆرە قەترەیەكی گوێچكە لەكاتی تووشبوون بەهەوكردن و كێشەی پەردەی گوێ.


- چۆنیەتی خۆپاراستن لەقەتیسبوونی ئاو لەناو گوێچكە:

1. بەكارهێنانی كەرەستەی داپۆشینی گوێچكە لەكاتی مەلەكردن یاخود خۆشتن.
2. وشكردنەوەی گوێچكەكان زۆر بەباشی لەدوای هاتنە دەرەوە لەناو ئاو.
3. جوڵاندنی سەر بەملاولادا لەدوای هاتنە دەرەوە لەناو ئاو.


- مەترسی قەتیسبوونی ئاو لەناو گوێچكە:

1. لەكاتی مانەوەی ئاو لەناو گوێچكە بۆماوەیەكی دوور و درێژ ئەوا پێدەچێت مرۆڤ تووشی نەخۆشی بێت بەهۆی بوونی بەكتریا لەناو ئاوەكە، مەترسییەكانیش زیاد دەبێت ئەگەر هاتوو ئاوی قەتیسبووی ناو گوێچكە پیسبوو.

2. لەكاتی قەتیسبوونی ئاو لەناو گوێچكە چەند نیشانەیەك سەرهەڵدەدات وەك خورانی زۆر توندی گوێچكە و زیادبوونی ئازار ئەمەش وادەكات دەستدان لەگوێچكە زۆر گران و ئازاربەخش بێت.

3. لەكاتی پەرەسەندنی حاڵەتەكە و وەرنەگرتنی چارەسەری پێویست چەند نیشانەیەك دەردەكەوێت وەك بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و هەوكردنی غودەكان و بوونی ئازار لەمل و دەموچاو و گرانی كاتی لەبیستن و بوونی ئازارێكی زۆر.

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی




ئه‌م بابه‌ته 8317 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:11:28:23/07/2017