د.هۆزان كەمال: ناڕێكی هۆرمۆنەكانی لەشی مرۆڤ هۆكاری سەرەكی نەخۆشی دەردە ڕێوی یە



تایبەت " تەندروستی"


لەدیمانەیەكی تایبەتدا لەگەڵ سایتی " تەندروستی"، د.هۆزان كەمال موكورجی تیشك دەخاتە سەر نەخۆشی "دەردەڕێوی" و جۆرە باوەكانی و هۆكارو نیشانەكانی و ڕێگاكانی چارەسەركردن.

تەندروستی:نەخۆشی دەردە ڕێوی چی یە؟

د.هۆزان كەمال: 
دەردەڕێوی، یەكێكە لە نەخۆشییەكانی پێست تاڕادەیەك دەتوانین بڵێین درێژخایەنە، بەڵام هەندێكجاریش كورت خایەنە و كەسەكە زووچاك دەبێتەوە و 
ئەم نەخۆشییە لەو بەشانەی لەشدا دروست دەبێت كەهەڵگری مووەكانن، بەمەش كەسی تووشبوو ناڕێكییەكی بەرگری لەهەندێك شوێنی لەشیدا ڕوودەدات و بەهۆیەوە مووی ڕووخسار یاخود پەلەكان و جەستە هەڵدەوەرێنێت.

تەندروستی: كێن ئەو كەسانەی تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن؟

د.هۆزان كەمال: هەموو كەسێك ئەگەری تووشبوونی بەم نەخۆشییە هەیە هەر لەمنداڵی ساوا هەتا كەسە بەتەمەنەكان، ئەوكەسانەی نەخۆشییەكانی وەك (سەدەفی، غودە، ئۆتیزم) یان هەیە ئەگەری تووش بوونیان بە دەردەڕێوی زیاتر لێ‌ دەكرێت، بەپێی لێكۆڵینەوە و بەڵگە پزیشكییەكان لە 2%ی خەڵكی تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن.

تەندروستی: نیشانەكانی نەخۆشییەكە چین؟

د.هۆزان كەمال: ئەگەر هاتوو نەخۆشییەكە لەبەشەكانی پێشەوەی دەم وچاو بوو وەك ڕیش وسمێڵ ئەوە كەسی تووشبوو خۆی دەتوانێت بیبینێت، بەڵام لەسەرەتادا هەستی پێ‌ ناكات، چونكە بەپێی كات وردە وردە مووەكانی هەڵدەوەرێت یان ئەگەربێت و لەناو پێستی سەردابێت ئەوا قژی كەسەكە بەپێی قەبارەی نەخۆشییەكە مووەكانی هەڵدەوەرێت، هەندێك نەخۆشی دیكەش هەن وەك كەڕووەكان كەموو هەڵدەوەرێنێت، بەڵام دەردەڕێوی بەوە دەناسرێتەوە مووەكان لەو شوێنەدا نەماون یان بە پشكنینی چاوی پزیشك هەست بەنەمانی مووەكان دەكرێت.

تەندروستی: ئایا دەكرێت بڵێین نەخۆشییەكە بۆماوەییە و لەباوانەوە دەگوازرێتەوە؟

د.هۆزان كەمال: تائێستا هیج بەڵگەیەك لەسەر هۆكاری بۆماوەیی نیە، بەڵام لەخێزانێكدا كەسێك تووشی ئەم نەخۆشییە بێت پێدەچێت گوازراوەبێت وەك چۆن لەخێزانێكدا كەسێك نەخۆشی رۆماتیزمی هەبێت بەهەمان شێوە لەو خێزانەیا كەسێكی دیكەشیان تووشی ڕۆماتیزم بێت.

تەندروستی:كەش و هەواو جۆری خواردنەكان تاچەند كاریگەری هەیە لەسەر ئەم نەخۆشییە؟

د.هۆزان كەمال: هۆكارە ژینگەییەكان و بەتایبەت كەش و هەوا دەشێت یەكێك بیت لەو فاكتەرانەی ڕۆڵی خۆی هەبێت، بۆ نمونە بەهۆكاری ژینگەیی كەسێك تووشی پەتایەك بووە كاتێك بەلەشیدا بڵاودەبێتەوە كاریگەری لەسەر هۆرمۆنات و ناڕێكی لەشی دەكات، بەڵام ڕەنگە نەبێتە هۆی تووشبوونی كەسەكە بەم نەخۆشییە.
تائێستاش بەپێی لیكۆڵینەوەكان و بەدواداچوونە پزیشكییەكان هیچ هۆكارێك دەرنەكەوتووە كە خواردن و جۆری خواردنەكان كاریگەریان هەبێت لەسەر تووشبوونی مرۆڤ بە نەخۆشی دەردەڕێوی.

تەندروستی: كاریگەری ناڕێكی كاری هۆرمۆنەكانی لەش چییە لەسەر دروستبوونی نەخۆشییەكە؟

د.هۆزان كەمال: كاری هۆرمۆنەكان ڕێكخەری كاروبارەكانی لەشی مرۆڤە، دەكرێت بە تێكچوونی كاری ئەم هۆرمۆنانە جا بەهەڵكشان یان داكشان بێت، ئەوا نەك بەتەنها كەسەكە توشی نەخۆشی دەردەڕێوی دەكات، بەڵكو هۆكار دەبێت بۆ زۆر نەخۆشی دیكەی تر لەبەرئەوە كاری هۆرمۆنەكان زۆر گرنگ و بەبایەخە، بۆیە پێویستە لەكاتی تێكچوونیاندا بەزووی چارەسەر وەربگیرێت بۆ بەدووربوون لەزۆر حاڵەتی نەخوازراوی دیكە.

تەندروستی: نەخۆشییەكە دەبێتە هۆی لەدەستدانی مووەكان ئایا سوودی مووەكان لەو ڕووەوە چی یە؟

د.هۆزان كەمال: بوونی موو لەسەر ڕووخسار و لەسەر پەلەكان و جەستە بۆخۆی سوودی گرنگی هەیەو پارێزگاری لە جەستەی مرۆڤ دەكات بەتایبەت لە هۆكارە ژینگەییەكان كە زیان بەجەستە دەگەیەنێت، دەبینیت لەمرۆڤێكدا كەقژی ڕووتابێتەوە پێستی سور دەبێتەوە و لەداهاتوودا ئەگەری تووش بوونی بەشێرپەنجەی پێستی لێ‌ دەكرێت، ئەم نەخۆشییە لەكۆمەڵگادا بەگەڕی سەیر دەكرێت لەڕاستیدا ئەوەنییە كەمرۆڤ لێی گەیشتووە.

تەندروستی:چارەسەرەكانی نەخۆشی دەردەڕێوی چین؟

د.هۆزان كەمال:لە 70% ی ئەو نەخۆشانەی تووشی ئەم نەخۆشییە بوون لائیرادی خۆیان چاك دەبنەوە، بەڵام هەندێك نەخۆشیش لەكاتی سەردانی پزیشك و وەرگرتنی چارەسەردا مووەكانیان دووبارە بۆ دەگەڕێتەوەو گەشە دەكەن، چارەسەرەكانیشی بریتییە لەكرێمی پێست یان دەرزی لەو شوێنەی مووەكەی لێ‌ نەماوە یان ئەگەر نەمانی مووەكان بەشێوەیەكی فراوان لەبەشێكی لەش بێت چارەسەری هەر بەدەرزی دەبێت، ئەوكات دەرزییەكە بۆ هەموو ئەو بەوشانەی لەش بەكاردەهێنرێت.

د.هۆزان كەمال موكورجی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی پێستە لەسەنتەری پێستی فێركاری لەشاری سلێمانی، ساڵی 1981 لەشاری سلێمانی لەدایك بووە، ساڵی 2005 كۆلێژی پزیشكی زانكۆی سلێمانی تەواو كردووە، ساڵی 2013 پسپۆڕی نەخۆشییەكانی پێستی لە كۆلێژی كینگس لەوڵاتی بەریتانیا تەواوكردووە.

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی






ئه‌م بابه‌ته 11905 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:10:23:23/07/2017