خۆربردن چی یە؟ نیشانەكانی چین؟ چۆن بتوانین خۆمان بپارێزین؟



تایبەت " تەندروستی"

خۆربردن: بریتییەلە ماندووبونێكی زۆر جا بەكاركردن بێت یان وەرزشكردن یاخود هەر ماندوبونێك كە لەشی مرۆڤ شەكەت بكات، بەوەش ئارەزووی حەوانەوەو شوێنێكی گونجاوی هەبێت بۆ دانیشتن و خۆ خاڵی كردنەوە بەڵام لەوكاتەدا بۆی نەگونجێت.

نیشانەكانی كەسی خۆربردوو چین تاوەكو بەهۆیەوە حاڵەتەكە بناسرێتەوەو كەسەكە لە مەترسییەكانی بپارێزرێت؟
 
1.  بۆماوەیەكی كاتی كەسی خۆربردوو دەبوورێتەوە دواتر بەئاگادێتەوە.
2. كەسەكە لەشی تووشی سستی دەبێت و بێ‌ هێزی دەكات.
3. ماسولكەكان تووشی ڕەق بوون دەبێت.
4. بێ‌ هۆشی و لەدەستدانی ئۆرگانەكانی لەش.

لەوبارەیەوە د.زانیار نوری عوسمان پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی هەناو و دڵ لە شاری سلێمانی لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ سایتی"تەندروستی"ڕایگەیاند: لەماوەی هاتن و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرماوە كە لە مانگی شەشەوە دەستی پێكردوە تائێستاش بەردەوامی هەیە نە لەمساڵداو نە لە ساڵانی ڕابردووشدا هیچ حاڵەتێكی گیان لەدەستدان بەو هۆیەوەڕووی نەداوە.

لەبارەی پێدانی چارەسەرییەكانەوە لەناو نەخۆشخانەكانی سلێمانیدا بۆ ئەو كەسانەی بە كاریگەری گەرما ڕوو لە نەخۆشخانەكان دەكەن، ئەو پزیشكە پسپۆڕە ووتیشی: وەرگرتنی پشوو لەشوێنی فێنك و گونجاو و دوور لەگەرما، هەروەها دانانی كانۆلاو پێدانی موغەزی جا لەڕێگای خواردنەوە بێت یان لەڕێی كانۆلاوە، بەزووی نەخۆشخانە بەجێ دەهێڵن بەڵام هەندێكیان پێویستیان بەمانەوە دەبێت بۆماوەی دوو ڕۆژ و دەخرێنە ژێرچاودێری پزیشكییەوە.

ئەوپزیشكە پسپۆڕە ڕێنمایی ئەوە دەدات بە هاوڵاتیان و بەتایبەتیش بەتەمەنەكان و منداڵان یان ئەوانەی كەدەرمان دەخۆن و كاریگەری گەرمایان بۆ دروست دەبێت یاخود ئەوانەی تووشی نەخۆشی سی یەكان و  سستی دڵ و گورچیلەكان بوون دەڵێت: پێویستە هەوڵ بدەن لەكاتی گەرمادا لەناو ماڵەكانیاندا بمێننەوەو ڕوو لەدەرەوە نەكەن، هەروەها ئەگەر لەشوێنی كاریشدابن پێویستە ئەو شوێنەی كاری لێ‌ دەكەن پلەی گەرمای مام ناوەند و فێنك بێت، ئەو كەسانەشی وەرزش ئەنجام دەدەن پێویستە لەكاتە گەرمەكاندا وەرزش نەكەن.

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی



ئه‌م بابه‌ته 3305 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:10:50:16/07/2017