د.لوقمان خالید: سالاسیمیا تەنها بۆماوەییە و هیچ هۆكارێكی ترنیە بۆ ئەو نەخۆشیە



تایبەت " تەندروستی"


سایتی " تەندروستی" لەدیدارێكدا لەگەڵ د.لوقمان خالید پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییە بۆماوەییەكانی خوێن و لەهەمان كاتدا بەڕێوبەری سەنتەری سالاسیمیا و نەخۆشییە بۆماوەییەكان لەشاری سلێمانی،  تاوتوێی نەخۆشی سالاسیمیا و هۆكارەكانی دروستبوون و نیشانەكانی و چۆنێتی چارەسەركردنەكان دەكەین لەگەڵ ئەو ڕێگایانەی لەئێستا گیراونەتەبەر بۆ ڕێگریكردن لەدروستبوونی نەوەیەكی نوێی سالاسیمیا.


تەندروستی:سالاسیمیا چی یە؟

د.لوقمان خالید: سالاسیمیا نەخۆشییەكی بۆماوەیی خوێنە، واتە كەسی توشبوو توانای دروستكردنی خوێنی نیە بەشێوەیەكی ئاسایی، ئەو خوێنەی دروستی دەكات بەشێوەیەكی ئاسایی (هیمۆگڵۆبین)ی تێدا نیە بەهۆی گرفتێكی بۆماوەییەوە، مرۆڤی توشبوو وەك پێویست هیمۆگڵۆبین دروست ناكات بەوەش دەبێتە كەسی كەم خوێن، كەسی كەم خوێنیش بەردەوام  بەدرێژایی ژیانی پێویستی بەوەیە خوێن  لەكەسێكی ترەوە وەربگرێت كەنەخۆشی سالاسیمای نەبێت.


تەندروستی: نەخۆشییەكە چۆن دروست دەبێت؟

د. لوقمان خالید: حاڵەتەكە كاتێك ڕوودەدات كاتێك دایك و باوكی منداڵەكە  هەردووكیان هەڵگری سیفاتی نەخۆشییەكە بن، هەڵگر تەنها سیفەتی نەخۆشییەكەی هەڵگرتووەو مرۆڤێكی ئاساییەو هیچ گرفتێكی تەندروستی  پێوە دیار نی یە، تەنها بەپشكنین دەتوانرێت بزانرێت ئەم مرۆڤە هەڵگری سیفاتی نەخۆشییەكەیە، كاتێك  دوو كەسی هەڵگر بەم نەخۆشییە  پرۆسەی هاوسەرگیری دەكەن  ئەگەرێكی زۆر هەیە كەمنداڵەكانیان تووشی نەخۆشیی سالاسیمیای قورس ببن و ئەویش لەوجۆرەیە كە كەسی توشبوو بەدرێژایی ژیانی پێویستی بەخوێن وەرگرتن هەیە، كەواتە بەبێ بوونی دایك و باوكی هەڵگر بەسیفاتی نەخۆشییەكە سالاسیمیای قورس دەرناكەوێت و  گرفتی سەرەكیش لەوەدایە ئەم هەڵگرانە دیارنین.


تەندروستی:جۆرەكانی نەخۆشییەكە چین؟ مەترسیدارترینیان كامەیە؟

د. لوقمان خالید: سالاسیمیای (سوك)  جۆرێكیانەو ئەم جۆرەیان هیچ گرفتێكی تەندروستی بە نەخۆشەكەوە دیارنیەو تەنها لەڕێی پشكنینەوە دەزانرێت كە سەكە هەڵگرەو ئەم جۆرەیان ڕێژەكەی زۆرە لەناو كۆمەڵگادا بەتایبەت لەناو كۆمەڵگای كوردیدا كە دەتوانرێت بڵێین ڕێژەكەی (5%)ی خەڵكی پێك دەهێنێت، بۆیە ئەگەر زۆرە دووان لە كەسی هەڵگر بەسیفاتی نەخۆشی سالاسیمیا هاوسەرگیری بكەن لەدەرەنجامدا نەوەیەكی توشبوو بەسالاسیمیای  قورس بهێننە ژیانەوە.

سالاسیمیای (قورس) یش جۆری دووەمە، وەك ئاماژەمان پێدا دەبێت دایك  و باوكێكی هەڵگری سیفەتی نەخۆشیەكەمان هەبێت  و نەوەیەكیان دروست كردبێت كەتوشی نەخۆشی سالاسیمیای قورس بوبێت، ئەم جۆرە توشبوانە بەدرێژایی ژیانی پێویستیان بەوەرگرتنی خوێنە، مانگی جارێك یان دوو جار یاخود بەپێی قورسی حاڵەتەكەی پێویستە خوێن وەربگرێت.

لەنێوان هەردوو جۆرەكەشدا جۆرێكی ترمان هەیە پێی دەوترێت سالاسیمای (ناوەند)، ئەم جۆرەیان نەهێندەی سالاسیمیای قورس قورسەو نەهێندەی سالاسیمیای سوكیش سوكە، ئەم جۆرەیان لەكاتی نەشتەرگەری قورس یان ئەگەر ئافرەت بوو لەكاتی دووگیانیدا پێویستی بە وەرگرتنی خوێن دەبێت، زیاتر ئەم جۆرە كەسانە چاودێریان زۆری باری تەندروستییان دەكرێت وەك چاودێریكردنی حاڵەتی گەشەكردنیان ئەگەر بێت و منداڵ بێت دواتر قەبارەی سییەكانیان و جگەریان هەروەها باڵاوكێشیان ،ئەم جۆرە ناوەندە زیاتر چاودێری دەكرێت  لەچەند حاڵەتێكیشدا پێویستییان بەوەرگرتنی خوێن دەبێت.

لەم جۆرەیاندا ڕەنگە لەتەمەنی منداڵیدا كەسی توش بوو زیاتر پێویستی بەوەرگرتنی خوێن بێت وەك لەتوشبووە گەورەكان چونكە زیاتر تەمەن بۆ وەرگرتن و وەرنەگرتنی خوێن  ڕۆڵ دەبینێت.


تەندروستی: نیشانەكانی سالاسیمیا چین لەكەسی توشبوودا؟

د. لوقمان خالید: نەخۆشی سالاسیمیای سوك  هیچ  نیشانەیەك بە كەسی توشبووەوە دیار نی یە وەك هەموو كەسێكی ئاسایی، مەترسییەكەش لەوەدایە كەئەو كەسانە نادیارن و هەڵگرن و كاتێك كە دووان لەم كەسانە هاوسەرگیری ئەنجام بدەن گرفتەكە دروست دەبێت، هەر لەبەرئەوەشە بۆ ڕێگەگرتن لە دروستبوونی سالاسیمیای قورس  پێویست دەكات  كەپشكنینی پێشوەختەی هاوسەرگیری بكرێت كە تێیدا چەند پشكنینێك ئەنجام دەدرێت یەكێك لەو پشكنینانە  پشكنینی  نەخۆشی سالاسیمیایە، لەبەرئەوەی هەڵگرەكە نیشانەی پێوە دیارنی یە كە سالاسیمیای بێت ناچار دەبێت پشكنینی  پێش هاوسەرگیری بۆ ئەنجام بدرێت بۆئەوەی بزانرێت كەسەكان هەڵگرن یان نا، كەواتە سالاسیمای سوك بێ نیشانەیە و تەنها بەپشكنین دەدۆزرێتەوە.

سالاسیمای قورس حاڵەتەكان تێیدا قورسن، دوای شەش مانگی لەدایكبوون دەست بەدەركەوتنی نیشانەكان دەكات، كەواتە منداڵەكە لەدوای شەش مانگ یەكەمی لەدایك بوون  بەبێ ڕەنگی و كەم خۆراكی و توانای جوڵەیی كەم و كەم خەوی وگریانی زۆر دەبینرێت، بۆیە لەم كاتانەدا پێویستە دایك وباوك  منداڵەكە نیشانی پزیشكی پسپۆڕ بدەن و بیگەیەننە نەخۆشخانە، هەندێك جارهەیە لەهەندێ دایك و باوكدا كەمتەرخەمی دەكرێـت و بردنی منداڵەكەیان بۆلای پزیشك دوادەخەن كەهەموو دواخستنێك بەزیان دەگەڕێتەوە بۆ حاڵەتی نەخۆشەكە.

لەخێزانێكدا كەنەخۆشێكی تری سالاسیمایان هەبێت یاخود دایك و باوكەكە زانرابێت كە هەڵگرن جا بەهۆی پشكنینی پێش هاوسەرگیری بوبێت یان بوونی منداڵێكی تری توشبوو بە نەخۆشییەكە ئەوا نابێت لەم ڕۆژەدا حاڵەتی دروستبوونی منداڵێكی سالاسیمیا ڕووبداتەوە.


تەندروستی:هۆكارەكانی توشبوون بەم نەخۆشییە چی یە؟

د. لوقمان خالید: لەڕاستیدا ئەم نەخۆشییە تەنها بۆماوەییە و هیچ هۆكارێكی تر نیە بۆ خستنەوەی نەوەیەكی توشبوو بەنەخۆشی سالاسیمیا واتە تاكە هۆكار بۆ دروستبوونی نەوەیەكی سالاسیمیا هۆكاری بۆماوەییە، بۆیە لەڕێگەی سەنتەرەكانی سالاسیمیاوە بەكردار ڕێگری لەو دروستبوونە كراوە. 


تەندروستی: نەخۆشی سالاسیمیا تەنها گرفتەكەیان هەر خوێن وەرگرتنە؟

د. لوقمان خالید: خۆی سالاسیمیا  وا لەكەسی توش بوو دەكات بەردەوام و بەدرێژایی ژیانی پێویستی بەوەرگرتنی خوێن هەبێت، هەرچەندە ئەم پرۆسەیە لەئێستادا لەوپەڕی پێشكەوتندا ئەنجام دەدرێت، بەڵام ئەمەش گرفتی خۆی هەیە ئەویش كەڵەكەبوونی ئەو ئاسنەیە كەلەناو پێكهاتەی خوێندا هەیە بەهۆی بەردەوامی پرۆسەی گواستنەوەی خوێنەوە بۆ كەسی توشبوو.

لەشی مرۆڤ وا دروست بووە كە ئاسن فڕێ نادات و زیاتر وەری دەگرێت، ڕێگەیەك نیە بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی فیسیۆلۆجی لەو ئاسنە ڕزگاری بكات، واتە كەهاتە لەشەوە هەڵیدەگرێت و خۆشی دەوێ و دەریناكاتە دەرەوەو ئەو كەسە چەند خوێن وەربگرێت بەشە ئاسنەكەی وەردەگرێ و وردە وردە لەلەشدا كۆدەبێتەوە تا دەگاتە ئاستێك كەهەموو لەش پڕدەبێت لەئاسن و لێی زیاد دەبێت.

ئاسنیش گرفتێكی هەیە كە لەلەشدا زیادبوو دەبێت بەهۆی ژەهراوی بوون، لەبەرئەوەی ئەم مادە ژەهرینە لەناو دڵ و جگەرو گلاندەكان و رژێنەكان و هێلكەداندا دەنیشێت واتە لەناو هەموو خانەكانی لەشدا دەنیشێت و كاری ژەهرینی خۆی دەكات، بۆیە وردە وردە زیانەكانی بەسەر بەشەكانی جەستەوە زیاد دەبێت، بۆیە منداڵێك كە زانیمان سالاسیمیای هەیە و خستمانەبەر خوێن وەرگرتنی بەردەوام پێویستە لەدوای دوو ساڵ دەست بكرێت بەدەركردنی ئاسن لەلەشیدا ئەویش بە بەكارهێنانی دژە ئاسن، كەواتە زۆرترین گرفت كەلەئەنجامی سالاسیمیادا جگە لە وەرگرتنی خوێنەكەش دەردەكەوێت گرفتی ئاسنی زیادەیە.


تەندروستی: ئاستی كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشییەكە لەتوشبووانی سالاسیمیادا چۆنە؟

د.لوقمان خالید: لەم سەردەمەدا زۆرباش كۆنتڕۆڵی  نەخۆشییەكە كراوە چونكە دژە ئاسنی زۆر باش هەیە، مەگەر نەخۆشێك  گوێڕایەڵی پزیشك و چارەسەرەكان و ڕێنماییە پزیشكییەكان نەكات ئەمانیش زۆر زۆر كەمن لەناو كۆمەڵگادا، لەهەمان كاتیشدا ڕێژەی مردن لەناو نەخۆشانی سالاسیمیادا زۆر زۆر كەمە لەچاو ساڵانی ڕابردوودا كەلە ئێستادا تەنها یەك حاڵەتی مردنمان هەبووە، بەڵام ساڵانی پێشوو نەخۆشی سالاسیمیات نەدەبینی لە تەمەنی بیست ساڵیداو واش دەنگۆی هەبووە لەناو كۆمەڵگدا كەئەم نەخۆشانە ناگانە تەمەنی بیست ساڵی و دەمرن، بەڵام وانەبووەو ئێستا ئەو تێگەیشتنە تەواو گۆڕاوە بۆیە لە ئێستادا تەمەنیان زیاد بوو بەهۆی باشتركردنی چارەسەرەكانەوە.

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی




ئه‌م بابه‌ته 3949 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:10:31:18/06/2017