قڵیشانی كۆم زیاتر لە خانماندا ڕوودەدات بەهۆی منداڵبوونەوە



تایبەت " تەندروستی"


ئەگەر کەسێک زیاتر لەسێ ڕۆژ لەسەر یەک سکی دەرنەچێت لەو حاڵەتەدا بەقەبزی دادەنرێت. هەربۆیە ڕەنگە هۆکارەکانی قەبزی هەندێکجار پەیوەندی بەنەشتەرگەرییەوە هەبێت یانیش نا، بەڵام دیارترین هۆکار بۆ ئەم حاڵەتە قڵیشی کۆمە لەکەسی توشبوودا کە وادەکات ماسولکەی دەوری کۆم گرژ ببێت ‌و سک دەرنەچێت هەروەها لەکاتی سک دەرچونیشدا ئازاری بۆ دروست ببێت.

لەوبارەوە د.کەمال ئەحمەد سەعید پرۆفیسۆر لە زانکۆی سلێمانی لەبارەی قڵیشانی کۆمەوە بۆ سایتی " تەندروستی" دەڵێت: ئەم حاڵەتە لەهەموو تەمەنەکاندا ڕوودەدات تەنانەت لە منداڵیشدا، بەڵام زیاتر ئەوکەسانەی گەورەن تووش دەبن و بەتایبەتیش لە ژناندا بەهۆی حاڵەتی منداڵبونە قورسەکانەوە.

ئەو پڕۆفیسۆرە لەبارەی هۆکارەکانی قەبزییەوە ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک حاڵەتی تریش هەن هۆکارن بۆ سک دەرنەچوون یان دەرنەچونی تەواوەتی وەک (نەخۆشییەکانی کۆڵۆن و وەرەمی کۆڵۆن یاخود گیرانی ڕیخۆڵە)، یەکێکی تریش لەو هۆکارانەی کەلە مرۆڤە بەتەمەنەکاندا ڕوودەدات بەتایبەتی ئەوانەی لەسەر‌وتەمەنی 60 ساڵییەوەن ماسولکەی ڕیخۆڵەکانیان سست دەبێت ئەو هێز‌و توانایەیان نامێنێت بۆ پاڵ پێوەنان لەبەرئەوە درەنگ سکیان دەرئەچێت یاخود دەبێت بۆ دەرچونی دەرمانی تایبەت بەم حاڵەتە بەکار بهێنین.

د.كەمال ئەحمەد سەعید لەبارەی نیشانە دیارەكان و ڕێگاكانی خۆپاراستن لەم حاڵەتە جەخیشیكردەوە، نیشانە دیارەکانی بریتین لەوەی کەسەکە ناڕەحەت دەبێت ‌و سکی دەئاوسێت لەگەڵیشیدا هەست بەباشی ناکات و سک دەرچوونی لە کات و شوێنی پێوستدا نییە.
ڕێگاكانی خۆپاراستنیش شێوازی زۆر هەیە بەڵام باشترین ڕێگا زیادکردنی ئەو خۆراکانەیە کە کارئاسانی دەکات بۆ سک دەرچوون وەک ( سەوزە، میوە، صەمونی جۆ).

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی





ئه‌م بابه‌ته 4941 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:09:42:30/05/2017