پزیشكە پسپۆڕەكان لەبارەی كەم خوێنی لە ژنانی دووگیاندا چی دەڵێن؟




تایبەت " تەندروستی"


یەكێك لەو حاڵەتانەی كە ژنان لەپێش یان لەكاتی دووگیان بووندا دوچاری دەبنەوە ( كەم خوێنی)ە كە پێویستی بەچاودێری پزیشكی زیاتر دەبێت.

هەندێكجار بەهۆی بوونی نەخۆشی سالاسیمیا دووچار دەبێت بەتایبەت لە جۆری ماینەر، واتە ئەو جۆرەی كە نیشانەكانی دەركەوتووە.

د.مهاباد سالح پسپۆڕ لەنەخۆشییەكانی ژنان و منداڵبوون بۆ سایتی " تەندروستی" وتی:"زۆر جار دایكان لەكاتی دوگیانیدا كەم خوێنن ئەمەش كاریگەری زۆری دەبێت لەسەر دایكەكەو منداڵەكەش هەربۆیە ئەودایكانەی كەم خوێنن ئارەزووی خواردنیان كەم دەبێتەوە ‌و دوچاری تەنگە نەفەسی ‌و دلەراوكێ‌ دەبن كە هەر ئەمەش هۆكاری دابەزینی كێشی دایكی دووگیانە و كاریگەریشی دەبێت لەسەر كەمكردنەوەی كێشی كۆرپەكەی".

وتیشی:"ئەو دایكانەی كەم خوێنن، ئەگەری خوێن بەربوونیان زیاترە لە دەمی دووگیانی و منداڵبووندا بەڵام هەندێك جار كەم خوێنی پەیوەندی راستەوخۆی دەبێت بە خەست بوونەوەی خوێن ‌و كلۆبونی خوێنەوە، كە بەیەكێك لەنەخۆشییە ترسناكەكان دادەنرێت ئەگەر هاتوو پێشوەختە چارەسەر وەرنەگرێت".

سەبارەت بە چارەسەرەكانی وەها حاڵەتێكیشەوە ئەو پزیشكە پسپۆڕە دەڵێت:"بێگومان كەم خوێنی چارەسەری ئاسانە بەڵام پێش ئەوەی چارەسەری بۆ بدۆزینەوە پێویستە بەدوای هۆكاری توشبونەكەیدا بگەرێین ئەوە رەگەزی سەرەكییە لە پرۆسەی چارەسەردا، زۆر جار بەهۆی نان نەخواردنەوە یان بەهۆی خوێن لێ رۆین بەهۆكاری مایەسیری یاخود خوێنبەربوونی لوت یان هەر بەشێكی تری جەستە كە پێی نەزانرێت دەبێت دەستنیشان بكرێت و پاشان چارەسەری بۆ بكرێت، لەكاتی چارەسەركردندا بێگومان دەبێت حەبی كەم خوێنی دەوڵەمەند بە مادەی ئاسنیان بۆ بنوسرێت لەگەل ڤیتامیندا، ئەگەر رێژەی كەم خوێنیەكە زۆر بوو دەكرێت دەرزی خوێنیان بۆ بەكار بهێنرێت كە هەندێك جار ئەو دەرزی كەم خوێنیە دەبێتە هۆی توشبوونی نەخۆشی هەستیاری (حەساسیەت) بۆیە پێویستە پێش وەخت بزانرێت هەستیاری هەیە بەرامبەر بەكارهێنانی دەرزیەكە".

د.مهاباد سالح ڕێنمایی دەداتە ئەو خانمانەو ڕایدەگەیەنێت:"خانمانی دووگیان دەبێت رێنماییان بدرێتێ كەژەمەكانی خواردنیان تەندروست بێت بەتایبەتی ئەوخواردنانەی ئاسنی تێدایە وەك (سپێناخ ‌و گۆشتی سور ‌و هەموو بەرهەمە پرۆتینەكان ) ی دەولەمەند بە ئاسن، بۆیە دەبێت ئەو خواردنانە لەگەل چا نەخورێن بۆ ئەوەی رێگری نەكات لە هەڵمژینیان بەڵكو باشتروایە لەگەڵ سەوزە و ئاوی میوەی تازەدا بخورێن".

هەر سەبارەت بە چارەسەركردنی ئەوحاڵەتە د. لوقمان خالد پسپۆڕی هیماتۆلۆجی بۆ سایتی " تەندروستی" 
دەدوێت و ڕایگەیاند:" ئەگەر كەمخوێنی وەكو پێویست چارەسەرنەكرا بەتایبەت بۆ ئەوانەی نەخۆشی سالاسیمیایان هەیە ئەوا دەكرێت لەژێر سەرپەرشتی پزیشكیدا خوێن وەربگرن بەتایبەت ئەوانەی كە ناتوانرێت بڕە پێویستی ئاسنیان بەهۆی نەخۆشیەكەیانەوە پێ بدرێت، لەئێستادا حاڵەتەكانی كەم خوێنی دایكانی دووگیان لە كەمبوونەوەدایە بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو، كە هۆكارەكەشی پەیوەندی راستەوخۆی هەیە بە بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاری دایكان و ئەنجامدانی پشكنینی پێشوەخت، لەناو شاری سلێمانیدا دایكانی دووگیان بۆ ئەو مەبەستە دەتوانن سەردانی نەخۆشخانەی منداڵبوونی فێركاری فریاكەوتن بكەن یان بۆ راوێژ دەتوانن سەردانی سەنتەری سالاسیمیا یاخود پسپۆڕەكانی بواری هیماتۆلۆجی بكەن".

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی



ئه‌م بابه‌ته 4414 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:09:47:25/01/2017