پزیشكێكی پسپۆڕ سوود و زیانەكانی دەرزی بۆتۆكـس دەخاتەڕوو


 
تایبەت " تەندروستی"


بۆتۆكس بریتییە لە ڕێژەیەكی كەمی ژەهری بەكتریا كە بەشێكی كەمی ماسولكە تووشی شەلەل دەكات، تاوەكو بەهۆیەوە بتوانرێت بە شێوەیەكی ساف و ڕێك پێست نیشان بدرێت.

لەبارەی سوود و زیانەكانی ئەم جۆرە جوانكارییەوە د.شاخەوان سائیب بەگ پسپۆری نەخۆشیەكانی پێست و جوانكاری تایبەت بۆ سایتی  " تەندروستی" دەڵێت : دەرزیی بۆتۆكس، یەكێكە لەو چارەسەرانەی بۆ چرچ بوون و پیربونی پێست بەكاردەهێنرێت، ئەویش بە سست كردنی ماسولكە و ساف بوونی ڕووی پێست كە وادەكات چرچی كەم بێتەوە یاخود هەر نەیهێڵێت ".

ئەو پزیشكە پسپۆڕە ئاماژە بە سوودە گرنگەكانی بۆتۆكس دەكات و دەشڵێت:" سوودەكانی بریتیە لە لابردنی چاڵ و چرچ و لۆچی و شلبوونەوەی پێستی دەموچاو و جوانتر دەرخستنی پێست و ڕوخسار ".

لەبارەی زیانەكانیەوە ئەوەشی خستەڕوو، زۆرجار نەخۆش هەستیاری هەیە بەرامبەر بۆتۆكس و كێشەی بۆ دروست دەكات، یاخوود ئەگەر بێت و بە نەزانانە بەكاربهێنرێت ئەوا پێستەكە خراپ دەكات، ئەگەر هاتوو بە ڕێژەیەكی زۆر بەكاربهێنرێت ئەوا بەشێكی زۆر لەو ماسولكانە تووشی شەلەل دەبێت و وادەكات لایەكی دەموچاو بەشێوەیەكی ناڕێك یاخود بەلاری دەربكەوێت.

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی



ئه‌م بابه‌ته 4708 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:11:34:29/12/2016