ڤاكسینی ئەسترازینكا لە سلێمانی و دەوروبەری دابەش دەكرێت


" تەندروستی "

دوای گەیشتنی پشكی پارێزگای سلێمانی لە ڤاكسینی ئەسترازینكای بەریتانی ، ئەو ڤاكسینە دابەش دەكرێت بەسەر 12 سێكتەر لە سنوورەكە و تێیدا ژمارەی دانیشتوان لەبەرچاو گیراوە.

د.دەشنێ‌ شەماڵ عومەر بەڕێوبەری كوتان لە سلێمانی لەلێدوانێكدا بۆ سایتی " تەندروستی " ڕایگەیاند: لە قۆناغی دووەمی ڤاكسینی ڤایرۆسی كۆرۆنا بڕی 16500 ژەمە ڤاكسین گەیشتە سنووری پارێزگای سلێمانی و بە شێوازی ڕیزبەندی دابەش دەكرێت و زیاتر لە هەشت هەزار كەس بە دوو جار بۆیان بەكاردێت و ماوەی نێوانیان مانگێك بۆ سێ‌ مانگ دەبێت.

وتیشی: لە هەڵمەتی ئەمجارەدا سەرەتا كارمەندانی تەندروستی ڤاكسینەكە وەردەگرن و دواتر ئەو كەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە لەگەڵ كارمەندانی هێزەكانی ناوخۆ و بەساڵاچووان لێی سوودمەند دەبن.

ئەوە لەكاتێكدایە لە قۆناغی یەكەمدا 1720 ڤاكسین گەیشتە سنووری پارێزگای سلێمانی و لە ئایندەدا هاتنی ڤاكسین بەردەوام دەبێت تاوەكو زۆرترین هاوڵاتی بەبێ جیاوازی لێی سودمەندبن.

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی



ئه‌م بابه‌ته 1360 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:11:35:28/03/2021