لێكۆڵینەوەیەك : كۆرۆنا بریتیە لە یەكگرتنی چەند ڤایرۆسێك


" تەندروستی "

دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سەرتاسەری جیهان ، زانایان و پسپۆڕان هەموو هەوڵێكیان چڕكردۆتەوە بۆ لێكۆڵینەوە لەو ڤایرۆسە بۆ ئاشكراكردنی نهێنیەكانی و بنبڕكردنی كە تائێستا بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە سەدان هەزار كەس گیانیان لەدەستداوە.

تیمێكی زانایانی پەیمانگای فرانسیس كریك لە بەریتانیا لێكۆڵینەوەیەكی نوێیان لەبارەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئەنجامدا لەپێناو باشتر تێگەیشتن لە چۆنیەتی پەرەسەندنی ئەو ڤایرۆسە و هۆكاری بڵاوبوونەوەی بە ئاسانی بەجیهاندا و ئاماژەیان بەوەكرد لەو بڕوایەدان ڤایرۆسی كۆرۆنا بەهۆی یەكگرتنی چەند ڤایرۆسێكەوە بووبێت و دواتر گۆڕاوە بۆ یەك ڤایرۆس.

ئەو تیمە بەریتانیە گەیشتنە ئەو ئەنجامەی ڤایرۆسی كۆرۆنا هاوشێوەی ڤایرۆسەكانی دیكە پرۆتینی هەیە كە یارمەتی دەدات بچێتە نێو خانەكانی مرۆڤەوە و ڤایرۆسی كۆرۆنا زۆر نزیكە لە ڤایرۆسی كۆرۆنای شەمشەمەكوێرە و رێژەی لێكچوونی ئەو دوو ڤایرۆسە لەسەدا نەوەد و حەوتە.

زانایانی بەریتانیا بۆیان دەركەوت پرۆتینی ڤایرۆسی كۆرۆنا زیاتر سەقامگیرە بەراورد بە ڤایرۆسی شەمشەكوێرە و ئەوەش وادەكات توانای لكاندنی بەخانەكانی مرۆڤەوە نزیكەی هەزار جار زیاتر بێت لە توانای لكاندنی ڤایرۆسی شەمشەكوێرە.

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی



ئه‌م بابه‌ته 1230 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:10:53:13/07/2020