رێنمایی خۆپارێزی و كۆنترۆڵكردنی تای خوێن بەربوون بڵاوكرایەوە


" تەندروستی"

وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەنووسراوێكدا كە ئاراستەی سەرجەم بەرێوبەرایەتیەكانی تەندروستی كردووە ، رێنماییەكانی خۆپارێزری و كۆنترۆڵكردنی نەخۆشی تای خوێن بەربوونی بڵاوكردەوە.

رێنماییەكانیش پێكهاتوون لەم خاڵانەی خوارەوە:

1- سەربڕینی ئاژەڵ لەماڵان قەدەغەیە بەهەموو شێوەیەك و سەربڕین تەنیا لەشوێنی رێپێدراو دەبێت.
2- پابەندبوونی قەسابەكان بە لەبەركردنی كەلوپەلی خۆپاراستن بەتایبەتی لەبەركردنی دەستكێشی لاستیك و جلی تایبەتی خۆپارێزی لەكاتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئاژەڵ یان گۆشت و خوێنەكەی، لەكاتی سەرپێچی سزادەدرێن بەتوندی.
3- دوای سەربڕینی ئاژەڵ دەبێت شوێنەكە پاكژبكرێت بە بەكارهێنانی گیراوەی كلۆر و پاكژكردنەوەی كەلوپەلی بەكارهاتو لەكاتی سەربڕین و پارچەكردنی ئاژەڵ.
4- پێویستە هاوڵاتیان گۆشتی سوور لەشوێنی رێپێدراو بكڕن ، دەستكێش لەدەست بكەن و ئاگاداربن دەستیان هیچ برینداری پێوەنەبێت لەكاتی لەتكردنی گۆشت ، شوێنی لەتكردنەكە بە باشی خاوێن بكرێت و گۆشتەكە بەتەواوی بكوڵێنرێت.
5- لەبەركردنی جلی قۆڵدرێژ و ڕەنگی كاڵ لەكاتی سەردانی ئەو شوێنانەی گەنەكان تێیدا بڵاوە تاوەكو دیاربێت، بەكارهێنانی كرێمی تایبەت بە دوورخستنەوەی مێروو و گەنە لە لەشی مرۆڤ.
6- پێویستە بەرێوبەرایەتیەكانی تەندروستی هەماهەنگی لەگەڵ بەرێوبەرایەتیەكانی ڤێرتێنەری و كشتوكاڵ بكەن دەربارەی رشاندنی ئاژەڵان بەقڕكەر.
7- جەختكردنەوە لەكاری پتەوكردنی تەندروستی بۆ پاراستنی هاوڵاتیان لەرێگای هەڵمەتی جیاواز و بڵاوكردنەوەی رێنمایی بۆ گەیاندنی زانیاری دروست.
8- جێبەجێكردنی چالاكیەكانی رشاندنی شوێنی گەنەكان بەگوێرەی پلانی ساڵانەی كۆنترۆڵكردنی نەخۆشیە گواستراوەكان.
9- پابەندبوونی كارمەندانی تەندروستی بە لەبەركردنی كەرەستەی خۆپارێزی كەسی بەشێوەیەكی زانستی دروست.

راگەیاندنی تەندروستی سلێمانی






ئه‌م بابه‌ته 1088 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:12:09:04/06/2023