سەنتەری فریاكەوتنی خێرای 122


" تەندروستی "

چۆنیەتی سوودوەرگرتن لەفریاكەوتنی خێرای تەندروستی 122

لەكاتی ڕووداو و كارەسات و نەخۆشییە كتوپڕەكاندا دەتوانیت پەیوەندی بكەیت بەژمارە تەلەفونی 122 كەپەیوەندیەكی بێ بەرامبەرەو 24 كاتژمێر لەخزمەتی هاوڵاتیاندایە، تاوەكو ئەمبوڵانس و تیمی تایبەت بەزووترین كات بەهاناتەوە بێن و پێویستە لەكاتی هەر ڕووداوێكدا هەوڵ بدرێت كەمترین كات دووچاری شڵەژان و دڵەراوكێ ببیت.

تیمەكانی فریاكەوتنی خێرای تەندروستی هەموو كەرەستەیەكی پێویست و یاریدەدەری پزیشكیان لەگەڵدایە كەڕاهێنانی تەواویان ئەنجامداوە و بەپێی بنەما زانستیەكانی فریاگوزاری خێرای تەندروستی جیهانی كاردەكەن.

سەنتەری هەماهەنگی فریاكەوتنی خێرای تەندروستی لەشاری سلێمانی 24 كاتژمێر لەئامادەباشیدایە بۆ وەرگرتنی پەیوەندی لەهاوڵاتیانەوە بەژمارە تەلەفونی 122  كەپەیوەندییەكان بۆ ئەم ژمارەیە بێ بەرامبەرە.

لەكاتی پێویست بوونت بۆ داواكردنی فریاگوزاری خێرای تەندروستی تكایە ڕەچاوی ئەم پەیام و ڕێنماییانە بكە:

1- پێدانی زانیاری كورت و پوخت لەبارەی ڕووداوەكەوە بەكارمەندی بەشی وەرگرتن لەسەنتەری فریاگوزاری خێرا.
2- پێدانی زانیاری لەسەر جۆری حاڵەتەكە یان جۆری نەخۆشیەكە بۆ نموونە (سوتان ، شكان ، بورانەوە ... هتد) .
3-  دەستنیشانكردنی شوێنی ڕووداوەكە و ئەو شوێنەی نەخۆش یان بریندارەكەی لێیە.
4- پێدانی زانیاری تەواو لەسەر ژمارەی بریندار و نەخۆشەكان یاخود قوربانیەكان چونكە ئەوە زۆر گرنگ و بەبایەخە.
5- پێویستە خۆت بناسێنیت بەكارمەندی وەرگرتن لەپەیوەندیەكانی فریاكەوتنی خێرا ، پاشان شوێنی ڕووداوەكە جێ مەهێڵە و چاوەڕوانی پەیوەندیكردن ببە و خۆت  بەدووربگرە لەپێدانی زانیاری هەڵە.
6- بەوپەڕی بەرپرسیاریەتیەوە ژمارە 122 بەكاربهێنە و تەنیا بۆ حاڵەتە كتوپڕەكان و ڕووداوە نەخوازراوەكان و ئەو جۆرە نەخۆشیانە بەكاری بهێنە كە پێویست بە ئەمبولانس دەكات.

ڕێنماییەكانی  سەنتەری هەماهەنگی فریاكەوتنی خێرای تەندروستی ژمارە 122:

* بەهەموو جۆرێك خۆت بەدووربگرە لەگواستنەوەی نەخۆش بەئۆتۆمبیلی تایبەت یان بەتاكسی بەتایبەت لەو جۆرە حاڵەتانەی زۆر مەترسیدارە، چونكە زۆرجار شێوازی گواستنەوە مەترسی زیاتر لەسەر ژیانی نەخۆش و بریندارەكانی ڕووداوەكان دروست دەكات.
* ئۆتۆمبیلی فریاكەوتنی تەندروستی (ئەمبوڵانس) نەخۆشخانەیەكی بچووكە و بەزووترین كات دەگاتە لای نەخۆش.
* ئەگەر كەسێك بەهۆی ڕووداوێكەوە قاچی یان دەستی یان هەر شوێنێكی تری شكابوو یان ئازاری پێگەیشتبوو، پێویستە دەستكاری نەكرێت تا تیمەكانی فریاكەوتنی تەندروستی دەگەن.
* كاتێك كەسێك بەهۆكارێكی نادیار لەهۆش خۆی دەچێت و دەبوورێتەوە، پێویستە دەمی نەخۆشەكە بكەیتەوە و چەناگەی بەرزبكرێتەوە و كەسەكە بخرێتە سەر لا تاوەكو ڕێرەوی هەناسەی بكرێتەوە و مەترسی خنكانی كەمبكرێتەوە تا تیمەكانی تەندروستی دەگەن.
* پێویستە برایانی شۆفێر خۆیان بەدووربگرن لەئاستەنگ دروستكردن بۆ ئەمبوڵانسەكانی تەندروستی، هەوڵبدرێت كارئاسانی و ڕێگا خۆش بكرێت بۆ جوڵەی ئەمبوڵانس تاوەكو هەمووان بەشداربن لەپاراستنی ژیانی قوربانیەكان.

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی




ئه‌م بابه‌ته 492 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:11:37:26/03/2023