كاریگەری ڤیتامین و فۆلیك ئەسید لەسەر ئافرەتی دووگیان


" تەندروستی"

دووگیانی بریتیە لەوەی ئافرەت كۆرپەلەیەك لەناو منداڵدانی دروست دەبێت و گەشە دەكات و خواردنی لەڕێگەی دایكەكەوە دەبێت، درێژی ماوەی دووگیانی نزیكە 40 هەفتەیە واتە 9 مانگ و 9 ڕۆژ و لەدایكبوونەكە بەڕێگای سروشتی بێت باشترە.

كاریگەری فۆلیك ئەسید لەسەر ئافرەتی دووگیان: 

* پێویستە ئەو ئافرەتەی بڕیاری دووگیانی دەدات سێ مانگ پێش دووگیانیەكەی بەكارهێنانی فۆلیك ئەسید دەست پێبكات و بیخوات، چونكە كاریگەرییەكی زۆری هەیە وە ئەگەر بەكاری نەهێنێت زەرەری زۆرە و لەوانەیە ببێتە هۆی ناهەمواری و كەمئەندامی لەمێشك و دەمارەكانی پشتی منداڵ.
* فۆلیك ئەسید مێشكی مناڵ كارادەكات ئەو دایكانەی فۆلیك ئەسید بەكاردەهێنن مناڵەكانیان زیرەك و لێهاتوون و مێشكیان باش گەشە دەكات، بەڵام ئەو دایكانەی فۆلیك ئەسید بەكارناهێنن مناڵەكانیان لەگەشەدا تەمەڵن و زیرەكیان كەمترە.
* فۆلیك ئەسید تا سێ مانگ پێویستە بخورێت و دوای ئەوە دەگۆڕێت بۆ ئاسن و ڤیتامینەكان.

كەمی ڤیتامین (D) لەكاتی دوو گیانی:

- هۆكاری سەرەكی كەمی ڤیتامین (D) دەگەڕێتەوە بۆ كەم خۆدانە بەرخۆر، پێویستە ئافرەتی دووگیان رۆژانە نیوكاتژمێر بچێتە بەرخۆر لەكاتژمێر (10 بۆ 12)ی نیوەڕۆ چونكە لەو ماوەیەدا زۆرباشە.
- ئەگەر ئافرەتی دووگیان نەچێتە بەرخۆر، پێویستە ڤیتامین (D) وەربگرێت چونكە كەمی ئەو ڤیتامینە دەبێتە هۆی لەبارچوونی منداڵەكە و تووشی ناڕەحەتی دەكات و هەروەها تووشی سەر ئێشەو قاچ ئێشەی دەكات.
- كەم خوێنی یەكێكی ترە لەو نەخۆشیانەی تووشی ئافرەتی دووگیان دەبێتەوە و هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ جۆری ئەو خۆراكانەی دەیانخوات، ئەو ئافرەتانەی لەبارێكی ئابووری خراپدان لەوانەیە خواردنی كەم بێت و بڕی پێویستی ئاسن و ڤیتامینەكانی دەست نەكەوێت یان ئەو ئافرەتانەی هەڵگری نەخۆشی تالاسیمیان ئەوانە كەم خوێنیان هەیە.

د.تاڤان فاتیح مەعروف پزیشكی پسپۆڕی ژنان و مناڵبوون و نەزۆكی لەنەخۆشخانەی مناڵبوونی فێركاری سلێمانی
ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی




ئه‌م بابه‌ته 340 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:11:54:16/03/2023