د.سەناریا شوان: دەبێت ئافرەتانی سەروو چل ساڵ ساڵانە پشكنینی مامۆگرافی بكەن


" تەندروستی"

د.سەناریا شوان عەبدولڕەحمان پزیشكی پسپۆڕی چارەسەری نەخۆشیەكانی مەمك لەكلینكی چارەسەركردنی نەخۆشیەكانی مەمك لەدیدارێكدا لەگەڵ سایتی " تەندروستی" باسی لەهۆكارەكانی شیرپەنجەی مەمك كرد و ڕایگەیاند ئەگەری دروستبوونی شێرپەنجەی مەمك لەگەڵ زیادبوونی تەمەندا زیاد دەكات و پێویستە هەموو ئافرەتێكی سەروو تەمەن چڵ ساڵ ساڵانە پشكنینی مامۆگرافی ئەنجام بدات.

تەندروستی: كارەكانی كلینكی چارەسەركردنی نەخۆشیەكانی مەمك چیە؟

د.سەناریا شوان: ڕۆژانە پزیشكی پسپۆڕ لەپزیشكی پسپۆڕی نەخۆشیەكانی مەمك و پزیشكی نەشتەگەری و كۆمەڵێك موقیم دەوام دەكەن و هاوڵاتیەكی زۆر سەردانیان دەكەن و نەخۆشێكی زۆر ڕوویان تێدەكات و ئەو نەخۆشانەی پشكنینیان بۆ دەكەن و گومانیان لێی هەبێت لەهەمان ڕۆژدا سۆنەر و تیشك و زەرعی بۆ دەكرێت.

تەندروستی: ئەو نەخۆشخانە كامانەن كەدەتوانن سەردانی ئەم كلینكە بكەن؟

د.سەناریا شوان: لەم كلینكەدا نەخۆش پێویستی بەئیحالە نیە، هەر ژنێك هەستی بەگۆڕانكاریی كرد لەمەمكیدا ئازار بێت یاخود گرێ بێت یان هەر دەردراوێك لەگۆی مەمك یان شتێكی نامۆ ببینێت بەبێ ئیحالە دەتوانێت سەردان بكات.
ئەگەر نەخۆش ئازارێكی بەردەوامی هەبوو و بەدەرمانی ئازار شكێن چارەسەر نەبوو دەبێت بەدواداچوونی بۆ بكرێت و مەرج نیە شێرپەنجە بێت لەوانەیە هەوكردنێكی درێژخایەنی هەبێت، لەوانەیە گۆڕانكاری لەبۆری شیردەرەكانی هەبێت یاخود گۆڕانكاری هۆرمۆناتی هەبێت واتە هەرشتێك بەردەوام بوو لە مەمكیدا و زۆری خایاند پێویستە پشت گوێ نەخرێت.

تەندروستی: كێن ئەوانەی مەترسی شێرپەنجەی مەمكیان لێ دەكرێت؟

د.سەناریا شوان: مەترسیەكە زیاتر لەوانەیەدا هاوسەرگیریان نەكردووە یان منداڵیان نەبووە یان كەسێكی پلە یەك لەدایكی و خوشكی یان پوری لەخێزانەكەیان شێرپەنجەی مەمكی هەبێت و ئەمانە زۆر گرنگە پشتگوێ نەخرێن، بۆ نموونە ئافرەت هەیە دەڵێ چی ڕوودەدات با ڕووبدات لەمەمكیدا بەس پشكنینی بۆ نەكرێت و ئەمە نابێت چونكە ئەگەر شێرپەنجەی مەمك بێت و لە قۆناغەكانی سەرەتادا بێت دەتوانرێت چارەسەر بكرێت و نەخۆشەكە ئەگەری چاكبوونەوەی زیاترە وەك ئەوەی لە قۆناغێكی پەرەسەندوو و مەترسیدار بێت.

تەندروستی: هەموو گرێیەكی مەمك بەشێرپەنجە دادەنرێت؟

د.سەناریا شوان: ئافرەت لەگرێ زۆر دەترسێت، بەڵام زۆربەی گرێكانی مەمك پاك دەردەچن بەتایبەت لەگەنجەكاندا و مەرج نیە هەر ئاوساوییەك لەمەمكدا هەبێت مانای بوونی گرێ بێت و شتێكی خراپ بێت و زۆرجار لەوانەیە كیس بێت یان گرێیەكی چەوری بێت یان گرێیەكی ڕیشاڵی بێت و زیانی نیە.
 پێویست بە دڵە ڕاوكێ ناكات و بۆیە دەبێت پشكنینی بۆ ئەنجام بدرێت بەسۆنەر یان بە تیشك و هەندێكجار پێویست دەكات زەرعی بۆ بكەن و ئەو كاتە پێی دەوترێت ڕێگەی چارەسەرەكەشی چیە ئەگەر شێرپەنجەبێت و لەقۆناغەكانی سەرەتادابێت چارەسەرەكەی ئاسانتر دەبێت، لەوانەیە پێویست بەبڕینەوەی مەمكەكە نەكات تەنیا پێویست دەكات گرێیەكە و دەوروبەری پاك بكرێتەوە و هەندێك چارەسەری تیشكی و لەوانەیە چارەسەری كیمیایی پێویست بێت.

تەندروستی: چارەسەری گرێی مەمك چیە؟

د.سەناریا شوان: سەرهەڵدانەوەی ئەو گرێیانە دەكەوێتەوە سەر ئەوەی كاتێك نەخۆش چارەسەر و تیشكی و كیمیایی هەمووی تەواو كردوە و بەدوادا چوونی بۆ دادەنرێت لەنێوان سێ بۆ شەش مانگ و ساڵانە تیشكی مامۆگرافیان بۆ دادەنرێت و ئەم بەدواداچوونە زۆر گرنگە بۆئەوەی ئەگەر گرێیەكە سەری هەڵدایەوە زووتر چارەسەریان بۆ ئەنجام بدرێت.

تەندروستی: لەچی تەمەنێكدا مەترسی تووشبوونی شێرپەنجەی مەمك زیاترە؟

د.سەناریا شوان: ئەگەری دروست بوونی شێرپەنجە لەگەڵ زیادبوونی تەمەندا زیاددەكات، بەڵام حاڵەت هەیە لەگەنجیشدا ڕووی داوە و هەندێك ئافرەت لەكاتی دووگیانیدا یان ئافرەتی شیردەر تووشی گرێی شێرپەنجە بووە، لەبەرئەوە نابێت ئافرەت لەوە دڵنیا بێت لەكاتی دووگیانیدا یان لەكاتی شیردان دا بڵێت گرێ دروست نابێت و پێویستە هەر گۆڕانكارییەكی هەست پێكرد پشكنین ئەنجام بدات.

تەندروستی: هۆكارەكانی شێرپەنجەی مەمك چیە؟

د.سەناریا شوان: هۆكارەكانی دروست بوونی شێرپەنجە زۆرن لەوانە زیادبوونی تەمەن و گۆڕانكاری هۆرمۆنات و ئەو ئافرەتانەی هۆڕمۆناتیان ناڕێكە و چارەسەریان وەرگرتووە و ئەو ئافرەتانەی بۆ ماوەیەكی زۆر دووگیان نەبوون یان ئەو ئافرەتانەی دەرمانی ڕێگری لەمنداڵ بوون بەكاردەهێنن بۆ ماوەیەكی زۆر و ئەو ئافرەتانەی پێش تەمەنی 12 ساڵی كەوتونەتە سوڕی مانگانەوە و ئەو ئافرەتانەی لەدوای تەمەنی 50 ساڵیەوە سوڕی مانگانەیان هەیە و ئەوانەی دووگیانیان دوادەكەوێت و بلوریان كردووە و دەرمانێكی زۆریان بەكارهێناوە لەحەب و دەرزی مەترسی تووشبوونیان زیاترە.
هۆكاری بۆماوەیی و كەسێكی پلە یەك لەخێزانەكەیان تووشی شێرپەنجەی مەمك بووبێت و هۆكارێكی تری شێرپەنجە قەڵەوییە و ئافرەتی جگەرەكێش و خواردنەوە كحولیەكان و ئەوانەی جوڵەیان كەمە و ساڵ بە ساڵ ڕێژەكە زیاد دەكات.

تەندروستی: نیشانەكانی شێرپەنجەی مەمك چیە؟

د.سەناریا شوان: نیشانەكانی شێرپەنجە بریتیە لەبوونی گرێیەكی ڕەق كە ناجوڵێتەوە لەناو مەمكدا ڕەگی داكوتیوە و هەموو ئافرەتێك مانگانە دەتوانێت لەماڵەوە ئەو پشكنینە ئەنجام بدات، دروستبوونی گۆِرانكاری لەگۆیی مەمك یان دروست بوونی تەڕی و دەردراوێك لەگۆی مەمكەوە دێتە دەرەوە و هەر ڕەنگێك بێت.
گۆڕانكاری لەپێستی مەمك ڕوودەدات وەك ئەستووربوونی پێستەكەی و هەندێك جار وەك چاڵیەك یان سووربونەوە ڕوودەدات و لەهەندێك حاڵەتدا لەڕێگەی لیمفەگرێكانی ژێرباڵدا هەستی پێ دەكرێت یان هەست بەگرێ ناكات و تەنیا هەست بەئازارێكی بەردەوام دەكات كەلەشوێنێكی تایبەت لەمەمكەكەدا هەیە.

تەندروستی: چارەسەری شێرپەنجەی مەمك چیە؟

د.سەناریا شوان: زۆرجار پێویستی كردووە نەخۆشەكە چارەسەری كیمیایی وەربگرێت پاشان نەشتەگەری بۆ بكرێت، كاتێك چارەسەری تیشكی وەرگرت دوای ساڵێك مامۆگرافی بۆ دەكرێتەوە، حاڵەتەكان جیاوازە لەیەكێكەوە بۆ یەكێكی تر، ئەوانەی نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە دەبێت سێ مانگ و شەش مانگ جارێك بەدواداچوونی بۆ بكرێت بەهەماهەنگی لەگەڵ پزیشكانی نەخۆشخانەی هیوا.

تەندروستی: ئەگەری چاكبوونەوە لەشێرپەنجەی مەمك چەندە؟

د.سەناریا شوان: نەخۆش هەتا بەرگری لەشی بەهێزبێت زیاتر زاڵ دەبێت بەسەر هەرنەخۆشیەكدا یان هەر گۆڕانكارییەك كەلە لەشیدا ڕوودەدات یان ئەگەری دروست بوونی هەبێت، رێنماییمان بۆ تووشبووانی شێرپەنجە ئەوەیە هەتا خواردنیان تەندروست بێت تەندروستیان باشتر دەبێت و خواردنی تەندروست دووركەوتنەوەیە لەچەوری یان ئەو خوادنانەی ڕێژەی شەكریان زۆرە و پێوستە سەوزە و میوە و ڤیتامینەكان بخۆن كەبەرگری لەش بەهێزدەكەن.

تەندروستی: رێنمایی بۆ ئافرەتان سەبارەت بەشێرپەنجەی مەمك چیە؟

د.سەناریا شوان: هەموو ئافرەتێك پێویستە لەماڵەوە هەموو مانگێك پشكنین بۆ مەمكی خۆی بكات و هەركاتێك هەستی بە گۆڕانكاری كرد پشتگوێی نەخات و سەردانی پزیشك بكات، لەسەروو تەمەنی 30ساڵیەوە ساڵانە دەبێت لەلایەن پزیشكی مەمكەكەوە ببینرێت و پشكنین بۆ مەمكی بكات، لەسەروو تەمەنی 40 ساڵیەوە دەبێت ساڵانە پشكنینی مامۆگرافیان بۆ بكرێت.
هەر كچێك لەهەرتەمەنێكدا بێت گۆڕانكاری بینی لەمەمكیدا هەرگیز شەرم نەكات و نەترسێت و یەكسەر بەدواداچوونی بۆ بكات و بێت بۆ پشكنین.

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلیمانی




ئه‌م بابه‌ته 416 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:01:16:12/03/2023