نیشانەكانی دووگیانی و خۆراكی پێویست بۆ ئافرەتی دووگیان


" تەندروستی"

دووگیانی بریتیە لەوەی ئافرەت كۆرپەلەیەك لەناو منداڵدانیدا دروست دەبێت و گەشە دەكات و خواردنی لەڕێگەی دایكەكەوە دەبێت، درێژی ماوەی دووگیانی نزیكە 40 هەفتەیە واتە 9 مانگ و 9 ڕۆژ و لەدایكبوونەكە بەڕێگای سروشتی بێت باشترە.

نیشانەكانی دووگیانی چیە؟

* لەپێش هەموو شتێك ئافرەت ئەو كاتە دەزانێت دووگیانە كەسوڕی مانگانەی دوادەكەوێت و پاشان لەڕێگەی پشكنینی خوێن یان سۆنەر دەردەكەوێت كە دووگیانە.
* نیشانەكانی دووگیانی سێ مانگی یەكەم بریتیە لەوەی دایكەكە ئارەزوی خواردنی نامێنێت و بێتاقەت دەبێت و تووشی سەرگێژی و هەناسە توندی و بێهێزی و كەم خەوی دەبێت و میزكردنی زۆردەبێت و تووشی قەبزی دەبێت.
* ئەگەر دایكەكە كەم خوێن بێت نیشانەكانی  زیاتر دەبێت لە بێهێزی و ناتوانێت هەموو شتێك بخوات.
* نیشانەكانی دوو گیانی سێ مانگی دووەم ئەوەیە جووڵەی مناڵەكە دەست پێدەكات و دایكەكە ووردە ووردە خواردنی بۆ دەخورێت و دەگەشێتەوە و گێژبوون و هەناسە توندی نامێنێت و ئەگەر دایكەكە نیشانەكانی كەم خوێنی هەبێت ئەوا هەست بە بێهێزی و بەرچاوڕەش بوون و بێتاقەتی و هەناسە توندی دەكات.
* نیشانەكانی سێ مانگی كۆتایی دووگیانی بریتیە لەوەی ئافرەتەكە هەست بەقورسایی دەكات و جووڵەی مناڵەكە زۆر دەبێت و قاچەكانی دەئاوسێت و میزكردنی زۆر دەبێت و تووشی قەبزی و هەناسە توندی دەبێت.

خۆراكە پێویستەكان بۆ ئافرەتی دووگیان:

- پێویستە ئافرەتی دووگیان خۆراكی تەندروست بخوات و سێ ژەمەكە بخوات  لەنێوان ژەمەكاندا خواردن و ڤیتامینات و سەوزەو میوە زۆر بخوات.
- پێویستی ئاقرەتی دوو گیان بەلایەنی كەمەوە دوو ڕۆژ جارێك ژەمێك گۆشت و ژەمێك مریشك بخوات و ئەو خواردنانە بخوات كەپڕۆتین و كالسێومی تێدایە كەلەشیر و هێلكە دا هەیە و دەبێت پرۆتینیكی زۆر بخوات كە لەمریشك و گۆشتی سوردا هەیە هەروەها پاقلەمەنییەكان.
- لەسێ مانگی یەكەمی دووگیانیدا هەندێك خواردن هەیە نابێت بخورێت لەوانە (ماسی دەریایی) چونكە بڕێك جیوەی تێدایە كەوادەكات منداڵی زگماك دروست ببێت كەتا شەش مانگ نابێت بخورێت.
- هەروەها لەسەرەتای دووگیانی جگەری ئاژەڵ و مریشك و هەنگوین و خورما نابێت بخورێت چونكە ماددەی ئۆكسی تۆسینی تێدایە كەدەبێتە هۆی دروست بوونی ژان و ناڕەحەتی بۆ دایكەكە و ئەگەر لە سێ مانگی یەكەمی دووگیانیدا بخورێت  ئەو ژانە لەوانەیە دایكەكە بخاتە سەر خوێن و دووچاری لەبارچوونی بكات.

د.تاڤان فاتیح مەعروف پزیشكی پسپۆڕی ژنان و مناڵبوون و نەزۆكی لەنەخۆشخانەی مناڵبوونی فێركاری سلێمانی

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی



ئه‌م بابه‌ته 3784 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:01:10:21/02/2023