لەسلێمانی كۆڕبەندێكی هۆشیاری دەربارەی شەكرەی منداڵ بەڕێوەچوو


" تەندروستی"

رۆژی شەممە 26/11/2022 بەئامادەبوونی د.ڕەهێڵ فەرەیدون بریكاری وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان و د.سەباح نەسرەدین بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی و یاریدەدەری بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بۆ كاروباری هونەری و سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای پزیشكان و بەڕێوبەری نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد ڕەشید تایبەت بەمنداڵان و بەشێك لە پزیشكانی منداڵان و پزیشكانی تایبەت بەنەخۆشی شەكرەی منداڵان و بەشێك لە خانەوادەی  منداڵانی تووشبووانی شەكرە، كۆڕبەندێكی زانستی دەربارەی (شەكرەی جۆری یەك) لەناو منداڵان بەڕێوەچوو.

كۆڕبەندەكە بەهاوكاری بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی و نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵان و فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی دەستەی خوێندكارانی پزیشكی بەرێوەچوو و تێیدا كۆمەڵێك سیمنار دەربارەی كێشە سەرەكیەكانی نەخۆشی شەكرە و چارەسەرە نوێیەكان و ئامار و داتای تووشبووانی شەكرە لەنێو منداڵان لەشاری سلێمانی پێشكەش كران.

لەوتەكانیاندا بریكاری وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی سوپاس و دەستخۆشیان لەئامادەكاران و بەشداربووانی ئەم كۆڕبەندە كرد و ئاماژەیان بەوەكرد لەشاری سلێمانی پێشەنگی كەرتی تەندروستی هەمیشە توانراوە لەڕێگای كۆنفرانس و سیمنار و سیمپۆزیۆمە زانستیەكانەوە بەشێك لە كێشەكان بخرێتەڕوو و ڕێگەچارەی زانستی بۆ بدۆزرێتەوە.

بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی وتی: بەهاوكاری پزیشكان و كارمەندان توانراوە لەماوەیەكی كەمدا كاربكرێت بۆ كردنەوەی سەنتەرێكی شایستەی پێشكەوتوو تایبەت بەشەكرەی منداڵان لەسلێمانی بۆئەوەی بەهامەهەنگی سەنتەری شەكرەو كوێرە گلاندەكان خزمەتی زیاتری توشبوانی شەكرە بكرێت.

بەرێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بەڵێنی چارەسەری بەشێك لەو داواكاریانەی پێدان وەك دانانی پزیشكی پسپۆڕی خۆراك و پسپۆڕی دەرونی بۆ سەنتەرەكە و ئامێری پزیشكی و ئامێری پەستانی شەكرە و دەرمانی پێویست وەك دەرزی ئەنسۆلین بۆ منداڵان و داوای لێكردن هەوڵەكانیان چڕتربكەنەوە بۆ كاركردن بەپێی سیستمی داتابەیس.

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی










ئه‌م بابه‌ته 316 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:10:16:27/11/2022