ڕاگەیاندراوێك لە بەڕێوبەرایەتی تەندروستی سلێمانی سەبارەت بەڕووداوە دڵتەزێنەكەی كازیوە
" تەندروستی"
بەرێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ڕاگەیاندراوێكی سەبارەت بەو ڕووداوە دڵتەزێنەی شاری سلێمانی بڵاوكردەوە كەبەهۆی تەقینی سیستمی غازی ماڵێكەوە ژمارەیەك هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا و برینداربوون.
لەڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە دوای بیستنی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنەی لەگەڕەكی كازیوەی شاری سلێمانی ڕوویدا بەفەرمانی د.سەباح نەسرەدین بەرێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی سەرجەم نەخۆشخانە و تیمەكانی فریاكەوتن و پزیشكی دادی و بانكی خوێن خرانە حاڵەتی ئامادەباشیەوە بۆ پێشوازی لەبریندارانی ئەو ڕووداوە.
لەسەرەتای ڕووداوەكەوە تاوەكو كۆتایی 15 تیمی فریاكەوتنی تەندروستی ئامادەبوونیان هەبووە لەكاتی دەرهێنانەوەی تەرمی قوربانیانی ڕووداوەكە و سەرجەم پزیشك و كارمەندانی نەخۆشخانەی شار و بەشی فریاكەوتنی نەخۆشخانەی شار و نەخۆشخانەی ئێمرجنسی و كارمەندان و پزیشكانی پزیشكی دادی و بانكی خوێن و كۆگای دەرمانی هەرێم هەموویان لەئامادەباشیدابوون و شەوی ڕابردوو لەئەركدابوون.
لەڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە بەداخەوە لەئەنجامی ئەو ڕووداوە (15) هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا و( 12) هاوڵاتیش برینداربوون و ڕەوانەی نەخۆشخانە كران و ئەو بریندارانە ( 8 ) یان دوای چارەسەری پزیشكی ڕەوانەی ماڵەوە كراونەتەوە و سێ برینداریان نەشتەگەریان بۆ كراوە و یەك بریندار لەبەشی چاودێری چڕدایە.
بەپێویستی دەزانین سوپاس و پێزانین ئاراستەی سەرجەم پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی و هەموو تیمەكانی فریاكەوتن و نەخۆشخانەكان و پەیمانگای پزیشكی دادیی و بانكی خوێن و كۆگای سەرەكی دەرمان هەرێم بكەین كەتوانیان چارەسەری پێویست پێشكەشی بریندارانی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە بكەن.
ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی
ئهم بابهته 220
جار خوێنراوهتهوه
PM:04:30:18/11/2022