كاریگەری خۆراك لەسەر بەرگری لەش و بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی


" تەندروستی " 

د.ئیسرائـ
 كەمال شامحەمەد پزیشكی هەناوی و نەشتەرگەری گشتی و خاوەنی بڕوانامەی ماستەر لەزانستی خۆراك لەزانكۆی كینگز كۆلیجی لەندەن بڵاویكردەوە بەرگری لەشی مرۆڤ سیستمێكی زۆر ئاڵۆزە و بۆ تێگەشتن لێی و هەزارەها توێژینەوە و بەدواداچوون كراوە و هێشتا هەندێك پرسیار هەیە بێ وەڵام ماونەتەوە و زانست نەگەشتۆتە ئەو ڕادەیەی بەتەواوی شیكردنەوەی هەموو لایەنەكانی بكات بەوورد ودرشتی.

ئەو پزیشكە لەچەند خاڵێكدا تیشك دەخاتە سەر میكانیزمی خۆراك و كاریگەری لەسەر بەرگری لەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتا وەرزییەكان و نەخۆشی ئەوانیش: 

1‎- ناوپۆشی گەدە و ڕیخۆڵەكان یەكێكن لەهێڵەكانی بەرگری لەش، بۆیە كاتێك خواردنێكی ناتەندروست دەخۆیت بۆنمونە خواردنێك كەڕێژەی شەكری تێدا بەرزبێت ڕەنگە ببێتە هۆی هەوكردنی ناوپۆشی ڕیخۆلەكان و لێرەشدا بەهۆی ئەو خواردنەوە هێڵێكی بەرگری لەشت لاواز كردووە.

‎2- لایەنێكی تری پەیوەندی بەرگری لەش و خواردن ئەوەیە لەناو ریخۆڵەدا بەكتریای سوودبەخش هەیە كەوەكو رێگڕێك كاردەكەن بۆ بەكتریا و مشەخۆرەكان و هەروەها كاریگەرییان هەیە لەسەر چالاككردنی هەندێك جۆری خانە بەرگریكاریەكان و وادەكات مشەخۆرەكان لەژینگەی كۆئەندامی هەرسدا نەتوانن بژین و زۆر ببن.

3- كاتێك دەڵێین خواردنی تەندروست بخۆ كەپێكهاتبێت لەسەوزە و میوەكان و بەتایبەت سەوزەكان لەبەر ئەوەیە ئەم خۆراكانە دەوڵەمەندن بەڕیشاڵەكان، ڕیشاڵەكانیش ژینگەیەكی لەبار ئامادەدەكەن بۆ زیادبونی بەكتریا سوودبەخشەكان و كەمبوونەوەی ژمارەی بەكتریا زیانبەخشەكان، هەروەها خواردنە ترشێنراوەكان سەرچاوەیەكی زۆر باشن بۆ بەكتریا سوودبەخشەكان بۆ بەرگری وەكو سەوزەواتی مخمر یان سركەی سێو كە بەشێوازێكی زانستی بەرهەم هاتبێت.

‎4- لایەنێكی تری خواردنی تەندروست لەسەر بەرگری لەش ئەوەیە خواردنە تەندروستەكان برێكی زۆر باشیان لەڤیتامین و كانزاكانی تێدایە كە توێژینەوەكان دەریان خستووە كاریگەرییان هەیە لەسەر بەرگری لەش ، ڤیتامین و كانزاكان وەكو ( ڤیتامین سی و دی و ئەی و ئی و زینك و سیلینیۆم و ..)، ئەم ڤیتامین و كانزایانە بێگومان لەخواردنی ڕۆژانەدا دەستمان دەكەوێت بەبێ بەكارهێنانی تەواوكەری خۆراكی ئەگەر خواردنەكانمان تەندروست و هەجۆر و هەمە ڕەنگ بێت.

‎5- هەندێك خواردنی ترمان هەیە بەشێوەیەكی تر كاریگەریان لەسەر بەرگری لەش هەیە ئەویش بەوەی دەوڵەمەندن بەهەندێك مادەی سوودبەخش كەوەكو دژەهەوكردن و دژەبەكتریا و ڤایرۆس و مشەخۆرەكان كاردەكەن، واتە بەشێوەیەكی گشتی هەوكردن لەلەش كەمدەكەنەوە و بەوەش مەودای زیادبوونی بەكتریا و ڤایرۆسە زیانبەخشەكان نادەن و هەندێك نمونە لەو خۆراكانە وەكو سیر و پیاز و زەنجەبیل و زەردەچەوە.

لەكۆتاییدا د.ئەسرائـ كەمال شامحەمەد خاوەنی بڕوانامەی ماستەر لەزانستی خۆراك لەزانكۆی كینگز كۆلیجی لەندەن ڕایدەگەیەنێت هەموو ئەم روونكردنەوانەی سەرەوە ئەوە ناگەیەنێت بەتەنیا تاكە خۆراكێك یان تاكە ڤیتامینێك بەرگری لەشمان پۆڵاین دەكات، چونكە فاكتەری ترمان زۆرە كەڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر بەرگری لەشمان هەیە، بەڵام دەكرێت خواردنی تەندروست یاریدەدەرێك بێت بۆ پتەوكردنی خانەكانی بەرگری لەش.

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی




ئه‌م بابه‌ته 4336 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:11:58:17/11/2022