ڕۆژی جیهانی هەوكردنی ڤایرۆسی جگەر


" تەندروستی "

رۆژی 28ی تەموز بەڕۆژی جیهانی هەوكردنی ڤایرۆسی جگەر دانراوە و لەم رۆژەدا چەندین چالاكی لەسەرتاسەری جیهان بەرێوەدەچێت بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاری لەبارەی ئەم نەخۆشیە مەترسیدارە.

ڤایرۆسی هەوكردنی جگەر نەخۆشییەكی باوی كوشندەی مەترسیداری ناو كۆمەڵگایە، كەبەشێك لەدانیشتوانی جیهان گیرۆدەی دەستی ئەم نەخۆشیەن و گواستنەوەی ئەم نەخۆشیە لەڕێگەی  خوێن‌ و شلەدەردراوەكانی لەشەوەیە وەك لیك‌ و میز و ئارەق، هەروەها لەرێگەی دایكانی دووگیان بۆ كۆرپەكەیان دەگوازرێتەوە و خۆپاراستن لەم نەخۆشیە بریتیە لە بەكارهێنانی دەرزی كوتان دژی ئەم ڤایرۆسە.

ڕۆژی 28ی تەموز  بەڕۆژی جیهانی هەوكردنی ڤایرۆسی جگەر دانراوە كەڕۆژی لەدایكبوونی زانای ئەمریكی دكتۆر (باری بلومبیرگ) ە كە لە 28ی تەموزی 1925 لەدایك بووە و ناوبراو ڤایروسی جگەری جۆری (B) دۆزییەوە و و دواتر ڤاكسینێكی دۆزییەوە دژی توشبوون بەم جۆرەی هەوكردنی جگەر، بەم هۆیەوە لەساڵی 1976 خەڵاتی نۆبڵی لەزانستی پزیشكیدا پێبەخشرا.

ئامانج لەدیاری كردنی  ڕۆژی جیهانی هەوكردنی ڤایرۆسی جگەر بۆ هۆشیاركردنەوەی خەڵكیە سەبارەت بەخۆپاراستن لە توشبوون بە ڤایرۆسی جگەر بە هەموو جۆرە جیاوازەكانی، لەم ڕۆژەدا چەندین ڕێنمایی زانستی بڵاودەكرێنەوە لەڕێگەی كۆنفرانس و سیمینارە زانستی و پزیشكییەكان  و لەڕێگەی ڕاگەیاندنەكان بەمەبەستی هوشیاركردنەوەی زیاتری هاوڵاتیان دەربارەی ئەم نەخۆشیە و ڕێگەكانی گواستنەوەی و چارەسەر وەرگرتن و ڕێگەكانی خۆپاراستن.

هەوكردنی جگەر  چییە؟
هەوكردنی جگەر  كە هەندێكجار بە ڤایرۆسی جگەر ناودەبرێت یەكێكە لەكێشە تەندروستییە گەورەكان لەجیهان و بە (HBV) ناسراوە و بەنەخۆشییەكی مەترسیدار دادەنرێت بۆ مرۆڤ.

جۆرەكانی هەوكردنی ڤایرۆسی جگەر:
هەوكردنی جگەر  پێنج جۆری‌ سەرەكی‌ هەیە ئەوانیش (A/B/C/D/E) و چەند جۆرێكی‌ تر كەتائێستا پۆڵێن نەكراوە، باوترینیان جۆرەكانی (B/C) یە كەمەترسیدارترینە و ساڵانە زیاتر لە ملیۆنێك و 400 هەزار كەس بەهۆیانەوە لەسەرتاسەری جیهاندا گیان لەدەست دەدەن.

لەگەڵ توشبوون و هەوكردنی‌ جگەر دوای‌ چەند ڕۆژێك نەخۆشەكە تای‌ لێ‌ دێت و ئازارێك لەلای‌ سەرەوەی‌ ڕاستی‌سكی‌ دروست دەبێت و ووردە ووردە تووشی‌ زەردویی‌ دەبێت، هەروەها میزەكەی‌ زەرد دەبێت و و سپێنەی‌ چاوی‌ زەرد دەبێت، نیشانەكان چەند ڕۆژێك بەردەوام دەبێت و زۆربەی‌ زۆریان ووردەووردە بەرەو باشی‌ دەچێت و چاكدەبێتەوە، بەڵام ڤایرۆسەكە بۆ ماوەیەكی‌ زۆر لەخوێنیدا دەمێنێتەوە و لەوانەیە بگوێزرێتەوە بۆ خەڵكی‌ تر.

ئەم نەخۆشیە بۆیە بەمەترسیدار دادەنرێت، چونكە ئەگەر چارەسەر نەكرێت دەتوانێت ببێتە هۆی هەوكردنی درێژخایەن یاخود مرۆڤ توشی مەترسی گیان لەدەستدان بكات بەهۆی شیبوونەوەی جگەر یان توشبوونی بەشێرپەنجەی جگەر.

بەهۆی داهێنانەكانی زانایانی بواری پزیشكی لەئێستادا كوتان دژی ئەم جۆرە ڤایرۆسە هەیە و بەهۆی وەرگرتنی ڤاكسینەوە دەتوانرێت تاڕێژەی %95 ڕێگە لەم نەخۆشیە بگیرێت، بۆیە پێویستە هەموو ئەو كەسانەی مەترسی توشبوونیان لێدەكرێت ڤاكسین وەربگرن بەتایبەتی ئەوانەی لەناوەندە تەندروستیەكان كاردەكەن.

نیشانەكانی هەوكردنی جگەر:

- نیشانەكانی هەوكردنی جگەر هەندێك كات دیاریكراو نیە، بەڵام هەندێك نیشانەی سەرەكی هەیە كەبریتین لە:
- بەرزبونەوەی پلەی گەرمی لەش و ئارەق كردنەوە.
-  بێ‌ هێزی و كەمبوونەوەی توانای خواردن.
- دڵ تێكەڵهاتن و ڕشانەوە.
-  ئازار لەبەشی سەروەی لای ڕاستی سك.
- ئازاری ئێسك و ماسولكە.
- ڕەنگی میز دەگۆرێت بۆ رەنگی تۆخ.

 ڕێگاكانی گواستنەوەی ڤایرۆسی جگەر:

* گواستنەوەی لەدایكەوە بۆ كۆرپەلە لەكاتی لەدایكبوون یان لەماوەی دووگیانیدا.
* پەیوەندی نزیك لەگەڵ كەسی تووشبوو بەم ڤایرۆسە، چونكە ڤایرۆسەكە توانای گواستنەوەی هەیە.
* بەكارهێنانی دووبارەی‌ ئامێرە پزیشكیە پیسبووەكان بەم ڤایرۆسە بەتایبەتی دەرزی.
* سێكس كردن لەگەڵ كەسێكی تووشبوو.
* خواردنی خۆراكی پیس بوو بەو ڤایرۆسانەی‌  هۆكاری توشبوونن بەهەوكردنی جگەر.
* توشبوون بەئایدز و لاوازبوونی سیستمی بەرگری لەش.
* بەكارهێنانی دەرزیەك كە بەڤایرۆسی ئەم نەخۆشیە پیس بووبێت.

هەموو ساڵێك نزیكەی 30 ملیۆن كەیسی نوێ تۆماردەكرێت كەتوشبووی ڤایروسی جگەری جۆری بی و لەهەر خولەكێكدا دوو كەسی توشبوو بەڤایروسی جگەری جۆری بی  گیان لەدەست دەدەن لەجیهان و نیوەی توشبووان بەڤایروسی جگەری جۆری سی هەست ناكەن توشبوون بەڤایروسەكە و هەردوو جۆری ڤایروسی جگەری بی و سی دەكرێت ببنە هۆكار بۆ توشبوون بەشێرپەنجەی جگەر ، ئەگەر چارەسەری پێویست وەرنەگیرێت.

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی




ئه‌م بابه‌ته 516 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:12:29:28/07/2022