رۆژی 31ی ئایار ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی جگەرەكێشان


تایبەت " تەندروستی "

رۆژی 31ی ئایار ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی جگەرەكێشان و بەكارهێنانی توتنە و لەساڵی 1987 لەلایەن ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی دیاری كرا بۆ ڕاكێشانی سەرنج لەسەرئاستی نێودەوڵەتی بۆ ئەو كاریگەرییە نەرێنی و زیانبەخشانەی جگەرەكێشان و بەكارهێنانی توتن دروستی دەكات لەسەرجەم ڕووەكانەوە.

لەرۆژی 31ی ئایاری هەموو ساڵێك رێكخراوی تەندروستی جیهانی و هاوبەشەكانی یادی رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی لەجگەرەكێشان دەكەنەوە بۆ تیشكخستنەسەر مەترسیە تەندروستیەكان و مەترسی و زیانەكانی پەیوەستن بەجگەرەكێشان و داواكردنی دانانی سیاسەتێكی چالاك بۆ دانانی سنوورێك بۆ بەكارهێنانی توتن.

ئامانجی رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی جگەرەكێشان بۆ بیرخستنەوەی گەلانی جیهانە لەو مەترسیانەی ئەو خووە ناتەندروستە دروستی دەكات لەسەر ژیانی تاكەكانی كۆمەڵگا لەڕووی تەندروستی و  ئابووری و كۆمەڵایەتی و چالاككردنی رێوشوێنەكانی بەرەنگاربوونەوە و كۆنترۆڵكردنی ئەم دیاردە مەترسیدارە.

یەكێك لەئامانجە بنەڕەتیەكانی رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی جگەرەكێشان بریتیە لەكەمكردنەوەی رێژەی گیان لەدەستدان بەهۆی جگەرەكێشانەوە كە ساڵانە چەندین ملیۆن حاڵەتی گیان لەدەستدان بەهۆی كاریگەری جگەرەكێشانەوە لەسەرتاسەری جیهان تۆماردەكرێت.

لەساڵی 1988وە رێكخراوی تەندروستی جیهانی خەڵاتی دیاری كردووە لەرۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی جگەرەكێشان بۆ ئەو رێكخراو و كەسانەی یارمەتی بەرچاودیار و چالاكیان پێشكەش كردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەكارهێنانی توتن.

لەساڵی 2008 رێكخرای تەندروستی جیهانی داوای قەدەغەكردنی تەواوەتی ریكڵامی جگەرەی كرد و ئاماژەی بەوەكرد بەپێی لێكۆڵینەوەكان دەركەوتووە پەیوەندییەكی بەهێز هەیە لەنێوان ڕیكلام كردن بۆ بەرهەمەكانی توتن و سەرەتای دەستپێكردنی جگەرەكێشان.

رێكخراوی تەندروستی جیهانی هانی حكومەتەكان و دەسەڵاتداران و كۆمەڵە و گروپەكان دەدات لەسەرتاسەری جیهانەوە بۆ رێكخستنی چالاكی لەرۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی جگەرەكێشان لەپێناو هاندانی زیاتری خەڵكی بۆ دووركەوتنەوە لەجگەرەكێشان و بڵاوكردنەوەی هۆشیاری زیاتر لەبارەی مەترسیەكانی.

ساڵی ڕابردوو رێكخراوی تەندروستی جیهانی دروشمی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی جگەرەكێشانی دیاری كرد بەپابەندبوون بەوازهێنان لەجگەرەكێشان لەكاتی پەتای كۆرۆنا و دروشمی ئەمساڵی ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی جگەرەكێشان بریتیە لە پاراستنی ژینگە، چونكە دووكەڵی جگەرە دەبێتە هۆی دەردانی دەیان ملیۆن تۆن غازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن بۆ ناو بەرگەهەوا.

بەپێی ئامارەكان ساڵانە زیاتر لەهەشت ملیۆن كەس لەسەرتاسەری جیهان بەهۆی بەكارهێنانی توتن و جگەرەكێشان گیان لەدەست دەدەن و ئەگەر ڕێژەی بەكارهێنانی توتن بەم شێوەیە بەردەوام بێت ئەوا پێشبینی دەكرێت ژمارەی قوربانیان بەشێوەیەكی گەورە زیاد بكات تاوەكو ساڵی 2030.

بەپێی ئاماری رێكخراوی تەندروستی جیهانی جگەرەكێشان دەبێتە هۆی گیان لەدەستدانی یەك كەس لەكۆی دەكەسی پێگەیشتوو لەسەرتاسەری جیهان.

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی




ئه‌م بابه‌ته 408 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:12:05:31/05/2022