هەشتی ئایار ڕۆژی جیهانی تالاسیما


تایبەت" تەندروستی"

لەلایەن ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ڕۆژی هەشتی ئایار دیاری كراوە وەك ڕۆژی جیهانی تالاسیما لەپێناو بڵاوكردنەوەی هۆشیاری زیاتر لەو نەخۆشیە بۆماوەییە و دابینكردنی چاودێری تەندروستی بۆ سەرجەم تووشبووانی تالاسیما كە تێدەكۆشن لەپێناو ژیانێكی باشتر و یارمەتیدانیان بۆئەوەی ژیانێكی سروشتی بژین.

تالاسیما چیە؟
تالاسیما یەكێكە لەنەخۆشیە بۆماوەییەكانی خوێن كە كەسی تووشبوو توانای دروستكردنی ئاسایی خوێن لەدەست دەدات و بەدرێژایی ژیانی پێویستی بەوەرگرتنی خوێن هەیە.
نەخۆشی تالاسیما بریتیە لەتێكچوونێكی بۆماوەیی لەخانەكانی خوێن و دابەزینی ئاستی هیمۆگڵۆبین و كەمبوونەوەی ژمارەی خڕۆكە سورەكانی خوێن لەئاستی سروشتی خۆی و ئەو نەخۆشیە بۆماوەییە و لەباوانەوە دەگوازرێتەوە بۆ منداڵەكانی.

گواستنەوەی تالاسیما:
- تالاسیما لەڕێگەی بۆهێڵەكان لەباوانی هەڵگرەوە دەگوزارێتەوە واتە ئەو باوانانەی هەڵگری نەخۆشیەكەن، ئەوە تەنیا هۆكارە بۆ تووشبوون بەتالاسیما.
بۆدڵنیابوون دەبێت پێش هاوسەرگیری پشكنینی (HB electrophoresis) تایبەت بە تالاسیما ئەنجام بدرێت، بۆئەوەی خێزانەكان دووربن لەخستنەوەی منداڵی تووشبوو بە تالاسیما.

جۆرەكانی تالاسیما و نیشانەكانی:
- ئەو نەخۆشیە پۆلین دەكرێت بۆ دوو جۆر ئەوانیش تالاسیمای بچووك و تالاسیمای قورس.
نیشانەكانی ئەو نەخۆشیە و جۆرەكەی و ئاستەكەی جیاوازە و هەندێك منداڵ نیشانەكانی تووشبوونیان لەكاتی لەدایكبوونەوە لەسەر دەردەكەوێت ، لەكاتێكدا هەندێكی دیكە لەتەمەنی دووساڵیدا دەردەكەوێت.
نیشانەكانی تالاسیما بریتیە لە لاوازی و پێستی زەرد و تێكچوونی ئێسكی دەموچاو و گەشەی كەم و هەڵاوسانی وورگ و میزی تۆخ.

چارەسەری تالاسیما:
- تالاسیما وەك نەخۆشی شەكرە وایە و ناكرێت بەتەواوی چارەسەربكرێت، بەڵكو دەكرێت كۆنترۆڵ بكرێت و ئیدارە بدرێت بەشێوەیەكی چالاك ، لەحاڵەتە قورسەكانی تالاسیما كەسی تووشبوو پێویستی بەوەرگرتنی خوێن دەبێت.
پێش هاوسەرگیری و لەدایكبوونی منداڵ پشكنینی پێویست ئەنجام دەدرێت بۆ رێگرتن لەتالاسیما و گرتنەبەری هەنگاوی پێویست لەقۆناغێكی پێشوەختە ، چونكە تووشبووی تالاسیما بڕێكی كەمتری هیمۆگڵۆبینی هەیە و ئەوەش وادەكات ژیانی زۆر قورس بێت و بەردەوام پێویستی بە وەرگرتنی خوێن دەبێت و هەندێك توشبوو پێویستیان بەوەیە دوو هەفتە جارێك خوێن وەربگرن.

بەپێی دواین ئامارەكان نزیكەی 280 ملیۆن كەس لەسەرتاسەری جیهان بەدەست تالاسیماوە دەناڵێنن، زۆر گرنگە تووشبووانی تالاسیما پارێزگاری بكەن لەسیستمێكی خۆرامی تەندروست و هەندێك لەو تووشبووانە رێژەی ئاسن لە لەشیان بەرزە و مەترسی تێكچوونی دڵ و جگەریان لێدەكرێت.

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی




ئه‌م بابه‌ته 432 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:11:57:08/05/2022