چۆن خواردن بدرێتە منداڵ لەتەمەنی شەش مانگیەوە


تایبەت " تەندروستی"

د.پشدەر عەبدوڵا ئیسماعیل پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشیەكانی منداڵان و گەشەی منداڵ باسی خواردنی منداڵ دەكات لەتەمەنی 6 بۆ 12 مانگ و چەند زانیارییەكی لەو بارەیەوە خستەڕوو:

* خواردنی منداڵ دەبێت بەبڕێكی كەم دەست پێبكرێت و ووردە ووردە بڕەكەی زیاد بكرێت.
* نابێت لەیەككاتدا بەچەند جۆرە خواردنێك دەست پێ بكرێت، سەرەتا بەیەك خواردن دەست پێدەكرێت بۆ 4-7 رۆژ و ئەگەر منداڵەكە خواردنەكەی پێكەوت و هەستیاری پێنەبوو ئەوا جۆرێكی تری خۆراكی بۆ زیاد دەكرێت بۆ 4-7 رۆژی دیكە.
* پێویستە خواردنەكان فرێش و تازە بن و ئەگەر هەستكرا منداڵەكە خواردنێك لەسەرەتادا ڕەتدەكاتەوە ئەوا دەبێت زیادكردنی ئەو جۆرە خواردنە دوابخرێت.
* ئەگەر هەستكرا منداڵ هەستیارە بەخواردنێك دەبێت پێی نەدرێت و نیشانەكانی هەستیاری بریتیە لەهێڵنج و ڕشانەوەی تووشبوو یان سكچوونی تووشبوو یان پێستی منداڵەكە سووردەبێتەوە.
* پێویستە خواردنەكە بكرێت بەشێوەی شۆربا و بەكەوچكی بچووك بدرێتە منداڵ و نابێت تاتەمەنی ساڵێك خوێ بكرێتە خواردنی منداڵەوە.
* ئاساییە شیرخواردنی منداڵ تۆزە تۆزە كەمبكرێتەوە چونكە لەبری ئەو بڕەشیرە خواردن دەخوات.
* میوە بكرێت بەشەربەت تائەو تەمەنی منداڵ دەتوانێت قەپ لەمیوە بگرێت و بیجوێت و قووتی بدات.
* سەوزە و بابەتەكانی دەبێت جوان بكوڵێنرێت و پاشان بهاڕێت و بدرێتە منداڵ و دەبێت بەدانیشتنەوە خواردن بدرێت بەمنداڵ.
* تاوەكو تەمەنی 8 مانگی رۆژانە یەك ژەم خواردن لەگەڵ یەك ژەم شەربەتی میوە بدرێت بەمنداڵ و لەتەمەنی 8 بۆ 10 مانگی بكرێتە دووە ژەم خواردن و یەك ژەم میوە.
* لەتەمەنی شەش مانگیدا پێویستە بەشۆربای برنجی هاڕاو دەست پێبكرێت و دەتوانرێت سریلاكی برنج بەكاربهێنرێت.
* لەتەمەتی 7 مانگیدا مریشك زیاددەكرێت بۆ شۆرباكە بەمەرجێك بكرێت بەپارچەی زۆر بچووك.
* لەتەمەنی 8 مانگیدا گۆشتی سوور زیاددەكرێت بۆ شۆربای منداڵ بەمەرجێك بكرێتە پارچەی بچووك و دەتوانرێت زەردێنەی هێلكەشی پێبدرێت و بەهیچ شێوەیەك نابێت سپێنەی هێلكە تاوەكو تەمەنی یەك ساڵی بدرێتە منداڵ.
* لەدوای تەمەنی 10 مانگیەوە دەتوانرێت خواردنی ئاسایی زیاد بكرێت بۆ منداڵ پاش دڵنیابوون لەنەبوونی هەستیاری پێی.

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی




ئه‌م بابه‌ته 1440 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:11:47:30/03/2022