رێنمایی خۆپارێزی و كۆنترۆڵكردنی تای خوێن بەربوون بڵاوكرایەوە
" تەندروستی"
وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە نووسراوێكدا كە ئاراستەی سەرجەم بەرێوبەرایەتیەكانی تەندروستی كردووە ، رێنماییەكانی خۆپارێزری و كۆنترۆڵكردنی نەخۆشی تای خوێن بەربوونی بڵاوكردەوە.
رێنماییەكانیش پێكهاتوون لەم خاڵانەی خوارەوە:
1- سەربڕینی ئاژەڵ لە ماڵان قەدەغەیە بەهەموو شێوەیەك و سەربڕین تەنیا لە شوێنی رێپێدراو دەبێت.
2- پابەندبوونی قەسابەكان بە لەبەركردنی كەلوپەلی خۆپاراستن بەتایبەتی لەبەركردنی دەستكێشی لاستیك و جلی تایبەتی خۆپارێزی لە كاتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئاژەڵ یان گۆشت و خوێنەكەی ، لەكاتی سەرپێچی سزادەدرێن بەتوندی.
3- دوای سەربڕینی ئاژەڵ دەبێت شوێنەكە پاكژبكرێت بە بەكارهێنانی گیراوەی كلۆر و پاكژكردنەوەی كەلوپەلی بەكارهاتو لە كاتی سەربڕین و پارچەكردنی ئاژەڵ.
4- پێویستە هاوڵاتیان گۆشتی سوور لە شوێنی رێپێدراو بكڕن ، دەستكێش لەدەست بكەن و ئاگاداربن دەستیان هیچ برینداری پێوەنەبێت لە كاتی لەتكردنی گۆشت ، شوێنی لەتكردنەكە بە باشی خاوێن بكرێت و گۆشتەكە بەتەواوی بكوڵێنرێت.
5- لەبەركردنی جلی قۆڵدرێژ و ڕەنگی كاڵ لە كاتی سەردانی ئەو شوێنانەی گەنەكان تێیدا بڵاوە تاوەكو دیاربێت ، بەكارهێنانی كرێمی تایبەت بە دوورخستنەوەی مێروو و گەنە لە لەشی مرۆڤ.
6- پێویستە بەرێوبەرایەتیەكانی تەندروستی هەماهەنگی لەگەڵ بەرێوبەرایەتیەكانی ڤێرتێنەری و كشتوكاڵ بكەن دەربارەی رشاندنی ئاژەڵان بە قڕكەر.
7- جەختكردنەوە لەكاری پتەوكردنی تەندروستی بۆ پاراستنی هاوڵاتیان لەرێگای هەڵمەتی جیاواز و بڵاوكردنەوەی رێنمایی بۆ گەیاندنی زانیاری دروست.
8- جێبەجێكردنی چالاكیەكانی رشاندنی شوێنی گەنەكان بەگوێرەی پلانی ساڵانەی كۆنترۆڵكردنی نەخۆشیە گواستراوەكان.
9- پابەندبوونی كارمەندانی تەندروستی بە لەبەركردنی كەرەستەی خۆپارێزی كەسی بەشێوەیەكی زانستی دروست.
راگەیاندنی تەندروستی سلێمانی
ئهم بابهته 1420
جار خوێنراوهتهوه
PM:12:09:04/06/2023