چۆنیەتی سوود وەرگرتن لە فریاكەوتنی خێرای تەندروستی 122
" تەندروستی "
بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندورستی سلێمانی هیوای سەلامەتی و تەندروستی بۆ هاوڵاتیان دەخوازێت لە كاتە ئاساییەكان و لە كاتی ڕووداوەكان ، پابەندبوون بە رێنماییەكانی هاتوچۆ و بەرگری شارستانی و پاكوخاوێنی ژینگە و بنەماكانی خۆپاراستن ، بەدوورت دەگرێت لە ڕوودانی ڕووداو و كارەساتە دڵتەزێن و نەخوازراوەكان.
پێویستە لە كاتی هەر ڕووداوێكدا هەوڵ بدرێت كەمترین كات دووچاری شڵەژان و دڵەراوكێ ببیت و هەروەها پێویستە ئەوەش بزانیت تۆ بە تەنیا نیت ، چونكە بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لەڕێی بەشی كردە پزیشكیەكان و سەنتەری هەماهەنگی فریاكەوتنی خێرای تەندروستی بەهانای هاوڵاتیانەوە دەچێت.
لە كاتی ڕووداو و كارەسات و نەخۆشییە كتوپڕەكاندا دەتوانیت پەیوەندی بكەیت بە ژمارە تەلەفونی 122 كە پەیوەندیەكی بێ بەرامبەرە و 24 كاتژمێر لە خزمەتی هاوڵاتیاندایە ، تاوەكو ئەمبوڵانس و تیمی تایبەت بە زووترین كات بە هاناتەوە بێن.
تیمەكانی فریاكەوتنی خێرای تەندروستی هەموو كەرەستەیەكی پێویست و یاریدەدەری پزیشكیان لەگەڵدایە كە ڕاهێنانی تەواویان ئەنجامداوە و بەپێی بنەما زانستیەكانی فریاگوزاری خێرای تەندروستی جیهانی كاردەكەن.
تەواوی ئەمبوڵانسەكانی سەر بە بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی دابەشكراون بەسەر سەنتەری هەماهەنگی فریاكەوتنی خێرای تەندروستی و نەخۆشخانە و مەڵبەند و بنكە تەندروستیەكان بۆ ئەوەی بتوانرێت بە زووترین كات لەهەر جێگایەك كە پێویست بكات ئامادەبن.
سەنتەری هەماهەنگی فریاكەوتنی خێرای تەندروستی لە شاری سلێمانی 24 كاتژمێر لە ئامادەباشیدایە بۆ وەرگرتنی پەیوەندی لە هاوڵاتیانەوە بەژمارە تەلەفونی 122 كە پەیوەندییەكان بۆ ئەم ژمارەیە بێ بەرامبەرە.
لە كاتی پێویست بوونت بۆ داواكردنی فریاگوزاری خێرای تەندروستی تكایە ڕەچاوی ئەم پەیام و ڕێنماییانە بكە:
1- پێدانی زانیاری كورت و پوخت لەبارەی ڕووداوەكەوە بە كارمەندی بەشی وەرگرتن لە سەنتەری فریاگوزاری خێرا.
2- پێدانی زانیاری لەسەر جۆری حاڵەتەكە یان جۆری نەخۆشیەكە بۆ نموونە (سوتان ، شكان ، بورانەوە ... هتد) .
3- دەستنیشانكردنی شوێنی ڕووداوەكە و ئەو شوێنەی نەخۆش یان بریندارەكەی لێیە.
4- پێدانی زانیاری تەواو لەسەر ژمارەی بریندار و نەخۆشەكان یاخود قوربانیەكان چونكە ئەوە زۆر گرنگ و بە بایەخە.
5- پێویستە خۆت بناسێنیت بە كارمەندی وەرگرتن لە پەیوەندیەكانی فریاكەوتنی خێرا ، پاشان شوێنی ڕووداوەكە جێ مەهێڵە و چاوەڕوانی پەیوەندیكردن ببە و خۆت بەدوور بگرە لە پێدانی زانیاری هەڵە.
6- بەوپەڕی بەرپرسیاریەتیەوە ژمارە 122 بەكاربهێنە و تەنیا بۆ حاڵەتە كتوپڕەكان و ڕووداوە نەخوازراوەكان و ئەو جۆرە نەخۆشیانە بەكاری بهێنە كە پێویست بە ئەمبولانس دەكات.
ڕێنماییەكانی سەنتەری هەماهەنگی فریاكەوتنی خێرای تەندروستی ژمارە 122:
* بە هەموو جۆرێك خۆت بەدوور بگرە لە گواستنەوەی نەخۆش بە ئۆتۆمبیلی تایبەت یان بەتاكسی بەتایبەت لەو جۆرە حاڵەتانەی زۆر مەترسیدارە ، چونكە زۆرجار شێوازی گواستنەوە مەترسی زیاتر لەسەر ژیانی نەخۆش و بریندارەكانی ڕووداوەكان دروست دەكات.
* ئۆتۆمبیلی فریاكەوتنی تەندروستی ( ئەمبوڵانس) نەخۆشخانەیەكی بچووكە و بە زووترین كات دەگاتە لای نەخۆش.
* ئەگەر كەسێك بەهۆی ڕووداوێكەوە قاچی یان دەستی یان هەر شوێنێكی تری شكابوو یان ئازاری پێگەیشتبوو ، پێویستە دەستكاری نەكرێت تا تیمەكانی فریاكەوتنی تەندروستی دەگەن.
* كاتێك كەسێك بە هۆكارێكی نادیار لە هۆش خۆی دەچێت و دەبوورێتەوە ، پێویستە دەمی نەخۆشەكە بكەیتەوە و چەناگەی بەرزبكرێتەوە و كەسەكە بخرێتە سەر لا تاوەكو ڕێرەوی هەناسەی بكرێتەوە و مەترسی خنكانی كەمبكرێتەوە تا تیمەكانی تەندروستی دەگەن.
* پێویستە برایانی شۆفێر خۆیان بەدوور بگرن لە ئاستەنگ دروستكردن بۆ ئەمبوڵانسەكانی تەندروستی ، هەوڵبدرێت كارئاسانی و ڕێگا خۆش بكرێت بۆ جوڵەی ئەمبوڵانس تاوەكو هەمووان بەشداربن لە پاراستنی ژیانی قوربانیەكان.
ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی
ئهم بابهته 332
جار خوێنراوهتهوه
PM:01:00:19/03/2023