ڕاگەیاندراوێك لە تەندروستی سلێمانی سەبارەت بە ڕووداوە دڵتەزێنەكەی كازیوە


" تەندروستی"

بەرێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ڕاگەیاندراوێكی سەبارەت بەو ڕووداوە دڵتەزێنەی شاری سلێمانی بڵاوكردەوە كە بەهۆی تەقینی سیستمی غازی ماڵێكەوە ژمارەیەك هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا و برینداربوون.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە بە داخ و پەژارەیەكی زۆرەوە دوای بیستنی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنەی لە گەڕەكی كازیوەی شاری سلێمانی ڕوویدا بە فەرمانی د.سەباح نەسرەدین بەرێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی سەرجەم نەخۆشخانە و تیمەكانی فریاكەوتن و پزیشكی دادی و بانكی خوێن خرانە حاڵەتی ئامادەباشیەوە بۆ پێشوازی لە بریندارانی ئەو ڕووداوە.

لەسەرەتای ڕووداوەكەوە تاوەكو كۆتایی 15 تیمی فریاكەوتنی تەندروستی ئامادەبوونیان هەبووە لە كاتی دەرهێنانەوەی تەرمی قوربانیانی ڕووداوەكە و سەرجەم پزیشك و كارمەندانی نەخۆشخانەی شار و بەشی فریاكەوتنی نەخۆشخانەی شار و نەخۆشخانەی ئێمرجنسی و كارمەندان و پزیشكانی پزیشكی دادی و بانكی خوێن و كۆگای دەرمانی هەرێم هەموویان لە ئامادەباشیدابوون و شەوی ڕابردوو لە ئەركدابوون.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە بەداخەوە لە ئەنجامی ئەو ڕووداوە 15 هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا و 12 هاوڵاتیش برینداربوون و ڕەوانەی نەخۆشخانە كران و ئەو بریندارانە 8  یان دوای چارەسەری پزیشكی ڕەوانەی ماڵەوە كراونەتەوە و سێ برینداریان نەشتەگەریان بۆ كراوە و یەك بریندار لە بەشی چاودێری چڕدایە.

بەرێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاندوە بە پێویستی دەزانن سوپاس و پێزانین ئاراستەی سەرجەم پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی و هەموو تیمەكانی فریاكەوتن و نەخۆشخانەكان و پەیمانگای پزیشكی دادیی و بانكی خوێن و كۆگای سەرەكی دەرمان هەرێم بكەین كە توانیان چارەسەری پێویست پێشكەشی بریندارانی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە بكەن.

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی












ئه‌م بابه‌ته 856 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:04:30:18/11/2022