زانایان: جۆری نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا خێراتر بڵاودەبێتەوە


" تەندروستی "

ژمارەیەك زانا بڵاویانكردەوە جۆری نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە یەكەمجار لە وڵاتی هندستان دەستنیشانكرا خێراتر بڵاودەبێتەوە.

زانایانی سەنتەری نیشتمانی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیەكان لە هندستان ئەوەیان خستەڕوو ئەو جۆرە نوێیەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە بۆ یەكەمجار لە هندستان دەستنیشانكرا خێراتر بڵاودەبێتەوە و كاریگەری دروست دەكات لەسەر ئەوانەی پێشتر تووشبوون یاخود هەر كەسێك هەدوو ژەمی ڤاكسینی بە تەواوی وەرنەگرتووە.

ئەو زانایانە ئاماژەیان بەوەكرد ئەو جۆرە نوێیەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەلایەن ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ناوی نراوە دەلتا بە ڕێژەی زیاتر لە سەدا پەنجا خێراتر بڵاودەبێتەوە بەراورد بەو جۆرەی كۆرۆنا بۆ یەكەمجار لە بەریتانیا دەستنیشانكرا.

ئەو زانایانە هۆشداریاندا لەوەی تووشبووی پێشتر بەكۆرۆنا و وەرگرتنی یەك ژەمی ڤاكسین نابێتە هۆی ڕاگرتنی بڵاوبوونەوەی ئەو جۆرە نوێیەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ، بەڵكو پێویستە جموجوڵی پتەوبكرێت بۆ دانانی سنوورێك بۆ بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی



ئه‌م بابه‌ته 1176 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:11:29:08/06/2021